زایەڵە - دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژە بەوەی کە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، داوای لە دوو لایەن کرد پابەندی ئاگربەست بن.

ئەمەش لە کاتێک دایە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.

ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.

 بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، ئێران سەرەتا دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، دواتر لە کاژێری 12ـدا ئیسرائیل دەستپێدەکات و لە کاژێری 24ـدا "جەنگی 12 رۆژە" بە فەرمی کۆتایی دێت.

 سەرۆکی ئەمریکا لەسەر "خۆڕاگری، ئازایەتی و ژیری" پیرۆزبایی لە هەردوو لایەن کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە "دەکرا بۆ ساڵانێک بەردەوام بێت و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وێران بکات".