زایەڵە - بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، حەوت هاووڵاتیی ئیسرائیلی لە ئەنجامی دوا هێرشی مووشەکیی ئێران کوژراون. میدیاکانی ئێرانیش کوژرانی نۆ هاووڵاتیی سڤیلیان لە ئەنجامی دوایین بۆمبارانەکانی ئیسرائیل، ڕاگەیاند.
پێش دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، سوپای پاسداران، لە پێنج شەپۆلی جیاوازدا، زیاتر لە 20 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، زۆرینەی مووشەکەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێک شکێنراون، بەڵام یەكێکیان لە شاری "بیئرسەبع" کەوتووەتە خوارەوە و بەر بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، حەوت کەس لە شاری "بیئرسەبع" لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکە بالیستییە ئێرانییەکە کوژراون و زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات، چاوەڕێ دەکرێت، ژمارەکە زیاتر بەرز ببێتەوە، بەو پێیەی دۆخی بەشێک لە برینداران ناجێگیرە.
ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە، چەندان شوێنی جیاوازی لە تارانی پایتەختی ئێران بۆمباران کردووە. بە گوێرەی میدیا ئێرانییەکان، لە ئەنجامدا لە نۆ کەس کوژراون و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت