زایەڵە-عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كرابێت یان وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان دیاری كرابێت. دەشڵێت، ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گەلی ئێران بڕیاردەدەین دانوستان بكەین یان نەیكەن، ئەگەر بەرژەوەندیی ئێران وابخوازێت دانوستان بكەین، دەیكەین.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی پێنجشەممە، لە دیدارێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی، هیچ رێككەوتن و وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا لە ئارادا نییە.
لەبارەی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە وتبوی، هەفتەی داهاتو دەست بە دانوستان لەگەڵ ئێران دەكەنەوە، عراقچی وتی، هەندێك پێشبینی بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان ناكرێت بەجدی وەربگیرێن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، هۆشدارییان داوەتەوە ئیسرائیل كە ئێران لوبنان نییە و هەر جۆرە پێشێلكردنی ئاگربەست لەلایەن ئەو وڵاتەوە روبەڕوی وەڵامی خێرای تاران دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی بچینەوە نێو دانوستان لەگەڵ ئەمریكا، بابەتێك پەیوەندیی بە بەرژەوەندی گەلی ئێرانەوە هەیەو لە ئێستادا لێی دەكۆڵینەوە.
وتیشی، ئەگەر بەرژەوەندیی ئێران بخوازێت ئەوا دەست بە دانوستان دەكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە لە دانوستاندا بوین لەگەڵ ئەمریكا كە ئیسرائیل مێزی دانوستانەكانی كردە ئامانج و لەناوبرد. دواتر لەگەڵ ئەوروپییەكان گفتوگۆمان دەكرد، ئەمریكییەكان مێزەكەیان لەناوبرد. بۆیە كاتێك كەسانێك داوای ئەوە دەكەن كە بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوسان، دەبێتە مەبەستی خۆیان رونبكەنەوە كە بەدەقیقی مەبەستیان لەكام مێزە. بارودۆخەكە گۆڕاوەو ئەمەش سروشتییە.
عراقچی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، ئەو پڕۆژە یاسایەی كە لەبارەی هەهانگی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پەسەندكرا،یاسایە و بۆ ئێمە پابەندكارە كە جێبەجێی بكەین و یاساكە پەیوەندی وهەماهەنگی ئێمە لەمەبەدوای لەگەڵ ئاژانسەكە بەشێوەیەكی نوێ دیاری دەكات.
جەختیشی كردەوە، كە هێرشەكەی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران تاوانێكە كە بەخشینی نییە.
بەقسەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئێستادا بەهیچ شێوەیەك ناتوانن رافائیل گروسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە تاران قبوڵ بكەن و وتیشی،سەردانكردن و پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كە وێران بون لەلایەن ئاژانسەكەوە بە واتای ئەوەیە كە بزانن قەبارەی كاریگەی هێرشەكان چەندبووە.