زایەڵە-دەستەی دەستپاکی فیدراڵی،دەستبەسەرداگرتنی 131مامەڵەی ساختە و ڕاگرتنی بەهەدەردانی نزیکەی دوملیارونیودیناری لە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند و دەڵێت، "بەڕێوەبەری پێشوی قەرەبوکردنەوەی قەزای قائیم-یان لە ئەنبار بەهۆیەوە دەستگیركردوە".
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەرییان لە دژی بەڕێوەبەری پێشوی قەرەبوکردنەوەی قەزای قائیم جێبەجێکردوە، بەهۆی تێوەگلانی لەساختەکردنی مامەڵەی قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیان، بەتایبەتی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەر 131 مامەڵەی ساختەدا گیراوە، هەروەها بەهەدەردانی دو ملیار و 450 ملیۆن دیناری عێراقی ڕاگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتبار دانی بە هەوڵەکانیدا ناوە بۆ تەواوکردنی ئەو مامەڵانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە،لەبەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی ئەنبار، کارمەندێکی بەشی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەکاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیركراوە كە داوای بڕە پارەیەکی لە کڕیارێک کردوە لە بەرامبەر ئەنجامدانی پشکنین بۆ موڵکێک، بە پێچەوانەی ئەو پارەیەی کە بە پسوڵەی فەرمی دراوە.
ئەوەشی خستەڕو، دو ڕاپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ئامادەکراون بۆ ئەو دو ئۆپەراسیۆنەی کە ئەنجامدراون و لەگەڵ تۆمەتباران وشتەدەستبەسەرداگیراوەکان،پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵەرەوە کراوە،کەبڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنیان تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
دەستەی دەستپاکی: ڕێگریمان لە بەهەدەردانی زیاتر لە دو ملیار دینار كرد

June 27, 2025