زایەڵە - حکومەتی عێراق بڕیاریدا هاوردەکردنی شیشی بیناسازی لە دەروازە سنورییەکانەوە قەدەغە بکات، بۆ ئەوەی بەرهەمی شیشی کارگەکانی ئاسنی ناوخۆ بەکار بهێنرێت.

لەبڕیارەکەی حکومەتی عێراقدا هاتووە هێنانی شیشی ٨ ملم تا ۳۲ ملم قەدەغە دەکرێت لە دەروازەکانی هەرێم و دەروازەکانی ئەبو فلوس و شەلامچە و زرباتییە و مەندەلی و مونزییە و دەروازەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران.

بەهۆی بڕیارەکەوە نرخی تەنێک شیش لە بازاڕەکانی هەرێم ۱٥۰ دۆلار بەرز بووەتەوەو پێشتر تەنێک شیش ٦۰۰ دۆلار بوبێت ئەمڕۆ گەیشتووەتە ۷٥۰ دۆلار.

حکومەتی عێراق لەگەڵ بڕیارەکەیدا بۆ قەدەغەی هاوردەی شیش لە ئێرانەوە بڕیاریداوە بازگەکانی چیمەن لە نێوان کەرکوک و چەمچەماڵ و دارەمان لە نێوان هەولێر و کەرکوک، بازگەی سەد لە نێوان دهۆک و موسڵ بەڕووی بەرهەمی شیشی کارگەکانی ئاسن لە هەرێم بکاتەوە تا بەبێ گرفت بەرهەمەکانیان ڕەوانەی باشور و ناوەڕاستی عێراق بکەن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شیش نرحی ئاسنی سکراب بەرز بوەتەوەو تەنێک ئاسنی سکراب لە ۲۱۰ دۆلارەوە گەیشتوەتە ۲٨۰ دۆلار.

لەهەرێمی کوردستان چەندین کارگەی شیش هەن کە کارگەکانی ماس و مید و ڤان و جی کەی و سلێمانی ستیل و ئەلفا لەکارگە گەورەکانی بەرهەم هێنانی شیشن لەهەرێم و چەندین کارگەی بچوکتریش هەن.