زایەڵە - سێ رۆژە کۆبوونەوەکانى هەردوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لە هەولێر بەردەوامن، لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتییەوە دانوستانیان کردووە.

بەگوێرەى زانیارییەکان لە رۆژى پێنجشەممەوە کۆبوونەوەى شاندەکان دەستیانپێکردووە و ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام دەبن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆى چڕوپڕ و راشکاوانە لەبارەى دۆسيیەى نەوت، داهاتى نانەوتى و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە".

سەرچاوەکە، وتى "لەبارەى نەوتەوە گفتوگۆکان زۆر باش بوون و بە ئاڕاستەى چارەسەر بوون، لەبارەى داهاتى نانەوتیشەوە هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە 50%ـى داهات رادەستبکات، واتە زیاتر لەوەى کە مانگەکانى رابردوو رادەستکراوە".

بەوتەى سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنى یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبن.

رۆژى 25ـى حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردبوو شاندێکى باڵا لە لە عێراقەوە دێتە هەولێر و بڕیار بەدەستە، ئومێدى خواست لە دۆسییەى مووچە بگەنە چارەسەر.