زایەڵە - ئەمڕۆ، نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە بەیاوەری بەڕێزان قائیمقامی هەڵەبجەو شاندێكی یاوەری چەند لایەنێكی سیاسی لەوانە : ”یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان”یان لە پارێزگای هەڵەبجە بەسەر كردەوە و لەلایەن بەرپرسانی لایەنەكانەوە بەگەرمی پێشوازیان لێكرا.
سەردانەكەیان، لە چوارچێوەی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی پارێزگای هەڵەبجە دێت كەوا بڕیارە لە ڕۆژانی ئایندەدا لایەنەكانی دیكەش لە پارێزگاكە بەسەر بكاتەوە.
ئامانجی سەردانەكە، بۆ مەبەستی هەماهەنگی و پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیدارەی پارێزگاگەو لایەنە سیاسیەكان و گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی سیاسی ناوچەكەو پارێزگای هەڵەبجەو گۆڕانكارییەكان و هەنگاوە پێویستیەكان و كاری هاوبەشی هەموان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە.
لەكۆتایدا، لای خۆیانەوە لایەنە سیاسیەكان، خۆشحاڵی خۆیان بەسەردان و بەسەركردنەوەی پارێزگاری هەڵەبجە دەربڕی و بە هەنگاوێكی گرنگ و پڕبایەخ وەسفیان كردو پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لای خۆیەوە پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی پاڵپشتی و پێشوازی گەرمی سەرجەم لایەنەكانی كرد.