زایەڵە ـــ هۆکاری سەرەکی مانەوەی ئەو یاریزانە کە پێنج جار تۆپی زێڕینی بردۆتەوە، لە سعودیە ئاشکرا کرا.
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسر بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە 400 ملیۆن یۆرۆ بەدەست دەهێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی مانەوەی لە ریاز.
ڕۆناڵدۆ لە سەرەتای ژیانی تۆپی پێی لەگەڵ سپۆرتینگ لە ساڵی 2002 تاوەکو 2023 بڕێکی یەکسانی ئەو بڕە پارەیە بەدەست نەهێناوە کە لە خولی سعودیە بەدەستی دەهێنا، پێش ئەوەی بچێتە یانەی نەسر. ئەمەش مانای ئەوەیە کە داهاتی ئەفسانەی پورتوگالی لە سعودیە یەکسانە بە کۆی 21 ساڵی یاریکردنی پرۆفشناڵ لە تۆپی پێدا.
ئەو یاریزانە پورتوگالییە لە ساڵی 2023 مانچستەر یونایتدی جێهێشت و بە گرێبەستێکی سەرسوڕهێنەر و بە مووچەی ساڵانەی 200 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی نەسر کرد. لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، یانەی نەسر لەگەڵ رۆناڵدۆ سەرکەوتنی زۆری بەدەست نەهێناوە، ئەمەش بووە هۆی دەنگۆی ڕۆیشتنی لە یانەی سعودیە. بڵاوکراوەی ئیسپانی دەڵێت ڕۆناڵدۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو یاری بۆ یانەی نەسر کردووە و 500 ملیۆن یۆرۆ مووچە و 100 ملیۆن یۆرۆی پاداشت بەدەستهێناوە کە کۆی گشتی داهاتەکەی 600 ملیۆن یۆرۆ بووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەی ئێس رۆناڵدۆ بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسر تا تەمەنی 42 ساڵی، کۆی یەک ملیار یۆرۆ بەدەست دەهێنێت کە بەرابەرە لەگەڵ هەموو سامانەکەی پێش ئەوەی بچێتە خولی سعودیە.