زایەڵە - لەماوەی ئەمساڵدا سێ کێڵگەی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراونەتەوە و کۆمپانیاکان لێی کشاونەتەوە. ئەوە جگە لەوەی حکومەتی هەرێم کێڵگەیەکی غازی لە کۆمپانیایەکی تورکی وەرگرتووەتەوە.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی وهاوبەشەکانی بەهۆی نەبونی توانای وەبەرهێنان و پەرەپێدان وچارەسەرنەکردنی کێشەکانی کێڵگەی نەوتی تەق تەق، کێڵگەکەیان ڕادەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردەوە. کێڵگەکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ دوو هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدادابەزیووە.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، کێڵگەی سارتای باکوری ڕۆژئاوای هەولێری  بەهۆی نەتوانینی چارەسەری گرفتی تێکەڵ بوونی ئاو لەگەڵ نەوت ڕادەستی حکومەتی هەرێم کردەوە و بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکە سێ تا چوار هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.

سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکی بەهۆکاری هەمان کێشەکانی کێڵگەی تەقتەق و سارتا، کێڵگەی چیاسورخی گەرمیانی ڕادەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد و کۆتایی بەکارەکانی هێنا. پێش ڕاگرتنی کارکردن لە کێڵگەکە بەرهەمی ڕۆژانەی بۆ کەمتر لە دوو هەزار بەرمیل دابەزیبوو.

حکومەتی هەرێم کێڵگەی غازی بنەباوێی لە پارێزگای هەولێر لەکۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی وەرگرتەوە. کۆتایی بەگرێبەستەکەی هێنا و لە دادگای لەندەن گەنەڵ ئینێرجی سکاڵایەکی یاسای دەربارەی هەردوو کێڵگەی میران و بنەباوێ لەدژی حکومەتی هەرێم دۆڕاند و کێڵگەکە مافی هیچ کۆمپانیایەکی تێدا نییە.

لە ئێستادا کێڵگە نەوتییەکانی تەقتەق و سارتا و چیا سورخ و کێڵگەی غازی بنەباوێ لەلایەن وەزارەتی سامانەسروشتیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و مافی کۆمپانیا بیانیەکانی تێدا نەماوە.