زایەڵە - لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ،د،ڕەعد ڕەفعە مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند، ئێستا ئەپیکۆر (كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان) دەسەڵاتداری فعلیە لە کەرتی نەوتی هەرێم، چونکە، ئەپیکۆر نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دیاری دەکات نەک حکومەتی هەرێم وحکومەتی عێڕاقی. ئەپیکۆر لەجیاتی حکومەتی هەرێم مفاوەزات دەکات لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی، ئەپیکۆر لەکۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەشدار دەبێت.
وتیشی، کۆمپانیاکانی کار ولاناز ئامادەنینە ۱۲۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕوژانەی خۆیان تەسلیم بەحکومەتی هەرێم وعێڕاق بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران. کۆمپانیاکان بەشێکی زۆری (هەندێک جار دەگاتە %80) داهاتی گومڕک و ئاو و کارەبا و شارەوانی و کەرتی تەندروستی و هاتوچۆ و هتد... بۆ خۆیان دەبەن و نایدەنە حکومەتی هەرێم یان عێڕاق.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا خەڵکی هەرێم بونەتە کرێچی و بارمتەی دەستی کۆمپانیاکان و ئەگەر سنورێک بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دانەنرێ، ئەوا رۆژێک دێت تەنانەت حکومەتی هەرێمیش دەبێتە کرێچی و بارمتەی دەستی ئەو کۆمپانیانە و هەر ئەوانیش سەرۆکی حکومەت دادەنێن و لایدەدەن هەروەک لە وڵاتە ئەفریقیەکان ئەنجامی دەدەن.