زایەڵە-پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمانی عێراق وەك یەكەمین هەنگاو دژ بە بەغدا یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدات.

شەممە، ١٢ی تەمموز، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لەكۆبونەوەكەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتنەبەری ڕێكاری كردەییە بەرامبەربەغداوپێشنیاری ئەوە كراوە وەك یەكەمین هەنگاو ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ووەزیرەكانی پارتی لە كابینەی سودانی ئەندامێتییان لە پەرلەمان و حكومەت هەڵپەسێرن تا عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت.

بەپێی زانیارییەكان، پێشنیاری دیكە ئەوەیە كە پارتی بڕیاری كۆتایی خۆی لە بارەی عێراقەوە بدات و بەتەواوی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكشێتەوە بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشەوە.

بەپێی زانیارییەكان، پێشنیارێكی دیكە ئەوەیە كە كشانەوەی پارتی لە بەغدا بە قۆناغ بێت و سەرەتا لە پەرلەمانی عێراق كشێنەوە، چاوەرێی كاردانەوەی لایەنە عێراقییەكان بكەن، ئەگەر كشانەوەكە كاریگەری نەبوو پاشان لە حكومەت بكشێنەوە و پاشان بڕیاری كۆتایی لە بارەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بدرێت.