زایەڵە - تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی هەسەدە یەپەگەیە و یەپەگەش درێژکراوەی پەکەکەیە، رایگەیاند: ئەگەر هەسەدە لۆجیکی مامەڵە نەکات، ئەمریکا ناتوانێت پابەندییەکانی بەرامبەریان بەجێ بهێنێت، گوتیشی ئێمە قەرزاری دروستکردنی دەوڵەتێک نین بۆ هەسەدە.

تۆماس باراک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە و لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن تورک"ـدا رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەست دەکەن واشنتن ئەرکێکی لەسەرە بەرامبەریان، لەناو ئەمریکاشدا هاوسۆزیی هەیە بۆیان، بەڵام ئەوان ناتوانن پابەندبن، ئەگەر هەسەدە نالۆجیکیانە مامەڵەبکات.

باراک گوتیشی، راستە ئەوان وەکو هاوبەشێک قەرزاری دڵسۆزیی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ئەوان قەرزاری پێکهێنانی حکومەتێکی سەربەخۆن بۆ ئەوان، لەچوارچێوەی حکومەتی سووریادا.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا جەختی لەوەکردەوە، هەسەدە یەپەگەیە و یەپەگەش درێژکراوەی پەکەکەیە، گوتیشی ناکرێت لەناو وڵاتێکدا چەندین سوپای جیاواز هەبێت، لەوانە هێزەکانی دروز، عەلەوییەکان و کورد و چەندین پێکهاتەی دیکە، بەجلوبەرگی سەربازیی جیاوازەوە.

باراک جەختى لەوەش کردەوە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوێرانە بوو، بۆ دەرفەتدان بە سووریا بە لابردنی سزاکان.

پێشتریش رایگەیاندبوو، هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەی سووریادا بەدی نەهاتووە.