زایەڵە - هەر یەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوور لە چاوی میدیاكان و لەڕێی گۆڕینەوەی چەند پێشنیارێك دەستییان كردووەتەوە بە دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.

بەپێی زانیارییەكانی زایەڵە، لە چەند رۆژی ڕابردوو زیاتر لە دووجار نامە گۆڕینەوە لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم هەبووە. بەڵام تا ئێستا ئەو دوو لایەنە نەگەیشتیوون بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش و لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستە ئەمنی و سەرۆكایەتییەكان دوورن لە یەكتر.

بەپێی زانیارییەكان، پارتی چەند پێشنیارێكی یەكێتی ڕەتكردووەتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و سوورە لەسەر ئەوەی كە پۆستەكان لەسەر بنەمای كورسی پەرلەمانی دابەشبكرێن نەك لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا یا نزیك لەو ژمارەیە.

بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی پێداگری كردووە كە لە چوار سەرۆكایەتییەكە دوو سەرۆكایەتی بە تەواوی دەسەڵاتەكانیەوە بدرێت بە یەكێتی ولەكۆی پێنج وەزارەتی سیادی دوووەزارەتی پێبدرێت. لەگەڵ هاوسەنگی لە دابەشكردنی وەزارەتە خزمەتگوزاری و فەرمانگەو دەستەكان.