زایەڵە - رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە دوێنێوە "بەڵای تیرۆر" كە 47 ساڵە بەردەوامە، پێی ناوەتە قۆناغی كۆتاییهاتنەوە. دەشڵێت، لە پەرلەمان كۆمسیۆنێك پێكدەهێنن و دەست دەكەن بە گفتوگۆ لەسەر پێویستییە یاساییەكانی پڕۆسەی چارەسەری.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاو سەرۆكی ئاكەپە، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی كۆبونەوەیەكی پارتەكەیدا وتەیەكی پێشكەش كردو لەبارەی رێوڕەسمەكەی دوێنێی چەكدانانی ژمارەیەك لە گەریلاكانی پەكەكە، وتی"لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر کە 47 ساڵە بەردەوامە، پێی ناوەتە قۆناغی کۆتاییھاتنەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا"لە نزیکەوە چاودێری ھەر ھەوڵێک دەکەین کە خوێنڕێژی بوەستێنێت، فرمێسکی دایکان بسڕێت، ئازارەکان کەم بکاتەوە و برایەتی بەھێز بکات".
جەختیشی كردەوە "ئەمڕۆ ڕۆژێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوودا کراوەتەوە. ئەمڕۆ دەرگاکانی تورکیایەکی گەورە و بەھێز و سەدەی تورکیا بە تەواوی کراونەتەوە".
هەروەها دوپاتیكردەوە كە "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر کە بەم دوایانە هەوڵی بۆ دەدەین، بە ئاشکرا دەیڵێم، دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان، یان سازش یاخود وەرگرتن و بەخشین نەبوە". وتیشی"با ھەموان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز توركیا ناچەمێنین. بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".
هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە "هیچ كەسێك لەو ئاستەدا نییە" كە "نەتەوەیی بون و نیشتمانپەروەری" خۆی و باخچەلی و كادیرەكانی هەردو حزبەكەیان "بخاتە ژێر پرسیارەوە."
وتیشی"ئێمە هیچ شتێکمان نەكردوە کە لە بەرژەوەندی تورکیادا نەبوبێت، ناشیکەین. ئەمڕۆش تێگەیشتنمان، سیاسەتمان و هەوڵەکانمان تەنیا و تەنیا بۆ بەرژەوەندی تورکیایە".
ئەردۆغان ئاماژەی وتیشی كە بە دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە "تورکیا سەرکەوت، گەلەکەم سەرکەوت. تورک، کورد، عەرەب و هەر تاکێکی 86 ملیۆن ھاوڵاتیمان سەرکەوت."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری توركیا وتی"هەرکات تورک و کورد و عەرەب یەک بن و پێکەوە بن، ئەوا تورک و کورد و عەرەب بونیان دەبێت. هەرکاتێکیش جیابونەوە و دابەشبون، ئەوا توشی دۆڕان و شکست و خەم دەبن."
وتیشی"کۆماری تورکیا ماڵ و هێلانەی هاوبەشی هەمومانە. ئێمە 86 ملیۆن کەس، یەکن، بە یەکەوەین و هەتاهەتایە وەک برا دەمێنینەوە". جەختیشی كردەوە كە "ئەمڕۆ خۆرهەڵاتن و سپێدەدەمی تورکیایەکی گەورە و بەهێزە".
هەروەها وتیشی"وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"نەک تەنیا پرسی ھاوڵاتیانی کوردمان، بەڵکو پرسی برا کوردەکانم لە عێراق و سوریا پرسی ئێمەیە. لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەین، ئەوانیش زۆر دڵخۆشن".