زایەڵە ـــ  چاپی نوێ کتێبی"بەیت و چیرۆکە فلکلۆرەکان بە شێوەی شانونامە" لە نووسینی "سەرکاو" و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی کەلتووریدا بڵاو کرایەوە.

ئەم کۆمەڵە شانۆنامە کە لە ئێستادا ٨ ژمارە چیرۆکی لە چاپ دراوە هێشتا بەڕێوەیە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی کەلتووریدا بەرهەم هاتوون کە دوو ئامانجی نوێکردنەوەی مەبەستە، یەکەم ئەدەبی زارەکی کوردی و دووهەم مێژووی کوردستان.

ئەم بەرهەمە بۆ گەیاندنی مێژوو و ئەدەبی بەنرخی فلکلۆری کوردی بە نەوەی نوێ، لە ڕێ زمانێکی سەردەمیانە و لە بەرگێکی سەرنجڕاکێشدا لە بەردەستایە.

هەروەها ئامادەکردنی ئەو مێژوو و ئەدەبە بۆ ئەوەی خوێنەران بە ئاسانی دەستیان پێی بگات و هونەرمەندان بە ئاسانی بتوانن بۆ بەرهەمی هونەری جوراوجور کەڵکی لێ بگرن و بە کاری بهێنن زۆر بەسوودە.

ئەم چیرۆکانە بە دوو جۆر لە بەردەستان، مێژوویی و داستانی.

مێژووییەکان لە مێژووی دێرین و نوێ، ئەوەی کەوا دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و دوای ئیسلام بەرهەم هاتوون، هەروەها مێژووی مودێرن و هاوچەرخیش لەبەر دەگرێت.

داستانییەکان لە بەیتە کوردییەکانەوە ئامادە کراون کە لە شێوەی "لاوک" و "چریکە" و "حەیران"دا بوون و کراونەتە نووسین. ئەو جۆرە بەیتانە زادەی هەموو کوردستانن هەر لە بۆتانەوە بگرە تا سۆران،بابان، ئەردەڵان، موکریان، ئیزەدخەن و بادینان.

"سەرکاو" نووسەری ئەم کتێبە سەبارەت بەم بەرهەمە بەنرخە دەڵێت: "هەوڵم داوە بە شێوەیەک بیانووسم و دایانڕێژم کە هەموو خوێنەرێک چێژ و سوودیان لێ ببات، گەورە و بچووک، گوندی و شاری، کوردی ناو کوردستان و ئەوانەی هەندەران. واتە تەنیا بۆ دەستەبژێر و تایبەتمەندان نەنووسراوە بۆیە سوودم لە شێوازەکانی گێڕانەوەی کۆن و کلاسیک وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا شێوازە نوێیەکانی چنیین و داڕشتن لە گێڕانەوەدا، چ لە ئەدەب و چ لە شانو و سینەمادا بە کار هێنراون.

نووسەر لەبارەی کتێبی "بەیت و چیرۆکە فلکلۆرەکان بە شێوەی شانۆ" وتیشی: هیوام ئەوەیە ئەگەر ئامانجیشم تەواو نەپێکابێت، هەر هیچ نەبێت نزیک بم لە نیشانەکە، هیواداریشم خوێنەران بە خوێندنەوەیان هەم چێژ و هەم سوودی زانینیان لێ وەربگرن.

سەرکاو لە زمانی خۆیەوە: ناوم (سەرکاو)ە. لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣م. لە ساڵی ١٩٨٨ەوە خەریکی کاری شانۆییم، بە نواندن و لەم دواییانەیشدا بە دەرهێنان و نووسین. تا لە کوردستان بووم لەگەڵ ئەم دەرهێنەرانەدا کارم کرد: ڕزگار حەمەڕەشید، شەماڵ عومەر، ڕزگار ئەمین، فاروق هۆمەر، میدیا ڕەوف بێگەرد، دلاوەر قەرەداغی، حسێن میسری، هۆرێن غەریب.

 ساڵی ١٩٩٥، بە هاوبەشی لەگەڵ شوان عەتوف دا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری سلێمانیم پێ بەخشرا.

 لە یۆنان و فەڕەنسا و ئەمریکا و ئەڵمانیا و کۆریا و ئوستورالیا بەشداری چەندان کۆڕ و کۆبوونەوە و نمایشی شانۆییم کردووە. تا ئەمڕۆیش بەردەوامم و هەر بەردەوام دەبم لە کاری شانۆیی و سینەمایی.

 لە ساڵی ١٩٩٦ەوە کە لەکوردستان دەرچووم، دوو جار گەڕاومەتەوە ئەوێ؛ ساڵی ٢٠٠٦ و ساڵی ٢٠٠٩. هەر دوو جارەکە بە خۆبەخشانە ڤۆرکشۆپم بۆ گەنجانی شانۆکاری ئەوێ کردووەتەوە.

 دوو کتێبی شانۆییم لەچاپداوە بە ناوی: ئەکتەری ئامادە و سێ شانۆنامە.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٩وە لە وڵاتی فەڕەنسا دەژیم.

جێگای ئاماژەیە ئەم بەرهەمە لە لایەن چەپەمەنی "ڕێگا" لە شاری بانە لە کوردستانی ئێران لە چاپ دراوە.