زایەڵە ـــ "فوجا سینگ"، بەتەمەنترین ڕاکەری ماراسۆن لە جیهاندا، لە تەمەنی 114 ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل لە شارەکەی خۆی لە پەنجابی پایتەختی هیندستان کۆچی دوایی کرد.

 "فوجا سینگ"، بەتەمەنترین ڕاکەری ماراسۆن لە جیهاندا کە بە "تۆرنادۆی عەمامەدار" ناسراوە، لە کاتی چوونە ئەو سەری شەقامەکە لە شارەکەی خۆی لە "بیاس پیند" لە نزیک "جەلاندەر" لە هیندستان، ئۆتۆمبێلێک لێیدا و گیانی لەدەستدا.

ڕووداوەکە ڕۆژی دووشەممە ڕوویداوە و بەگوتەی پۆلیسی ناوچەکە تا ئێستا ناسنامەی شۆفێرەکە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە بەردەوامە.

"فوجا سینگ"، کە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا هاتە ناو جیهانی ڕاکردن، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٣ بەشداری لە نۆ ماراسۆنی تەواودا کردووە، بۆ یەکەمجار بەشداری لە ماراسۆنی لەندەن ٢٠٠٠ کردووە و لە ساڵی ٢٠١١ بووە یەکەم یاریزانی تەمەن ١٠٠ ساڵ کە ماراسۆنی تۆرۆنتۆ تەواو بکات؛ بەڵام تۆمارەکەی لەلایەن گینسەوە تۆمار نەکرا بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی فەرمی لەدایکبوون.

"سینگ" دەیگوت: "پێش ڕاکردن ژیانم ئاسایی بوو، بەڵام ڕاکردن ئەرکێکی پێبەخشیم و جیهانی کردم."

دوای مردنی هاوسەر و کوڕەکەی، ڕووی لە لەندەن کرد و لەوێ بە ڕێنمایی ڕاهێنەرەکەی، "هارمیندەر سینگ"، ڕێگا و گەشتی ڕاکردنی دەستپێکرد.

دروشمی ماراسۆنەکەی ناوبراو ئەمە بوو: “بەتەمەنترین ڕادەکات بۆ ڕزگارکردنی بچووکترین!”

سینگ لەم ساڵانەدا مەشخەڵی ئۆڵۆمپی لەندەنی لەدەست بووە و لەلایەن شاژن ئەلیزابێتەوە بانگهێشتی کۆشکی باکینگهام کراوە و زۆربەی داهاتەکەی خەرجی کار خەیر کردووە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بی بی سی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیدا لە گوندەکەدا بڵاویکردەوە، "سینگ" هێشتا ڕۆژانە چەند کیلۆمەترێک پیاسە دەکات چونکە پێیوابوو ڕازی  تەمەن درێژییەکەی "کەم خواردن و جووڵەی زۆر و شاد بوون لە ژیاندایە".