زایەڵە ــــ "میر جەلادەت بەدرخان" ڕۆژنامەوان و زمانناسی کورد، پێشەنگی ئەو کەسانە کە پیتی لاتینیان بۆ نووسینی کوردی بەکار هێنا.
میر جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان ناسراو بە "میر جەلادەت بەدرخان" لە ٢۶ی نیسانی ١٨٩٣ی زایینی لە ئەستەمبوڵی تورکیا لەدایکبووە، ھەر لە ئەستەمبوڵ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و فێرگەی بەرزی یاسای تەواو کردووە، دوای سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەماڵیزم، ئەمین پاشا و سێ کوڕەکەی ناچار بوون بچنە میسر و لەوێ نیشتەجێ ببن، بەڵام جەلادەت و کامەرانی برای چوونە وڵاتی ئاڵمانیا و لە ماوەی ئەو ھەشت ساڵەی لەوێ بوون خۆیان فێری زمانی ئەڵمانی کرد.
"میر جەلادەت" پاش ئەوەی لە ئەڵمانیا گەڕایەوە خۆی گەیاندە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و دوای شکستی شۆڕشەکە دیسانەوە تورکیای بەجێھێشت.
"جەلادەت" لە سوریا سەرقاڵی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بوو، لە ١٥ی ئایاردا گۆڤاری "ھاوار"ی دەرکرد کە تا ٥ی تەممووزی ١٩٤٣ بەردەوام بوو، پێشتر گۆڤاری ھەفتانەی «ڕۆناھی» ی دەردەکرد، جەلادەت بەتەنھا ئەم گۆڤارەی بەرێوەدەبرد، بەنووسین و پیت چنین و چاپ و بڵاوکردنەوەشی.
"جەلادەت بەدرخان" ڕۆژنامەنووسی پێشەنگی کورد، بەناوی (نھێنی) نووسینەکانی بڵاودەکردەو، لە پێشەنگی ئەو کەسانەیە کە پیتی لاتینییان بۆ نووسینی کوردی بەکارھێنا. ناوبراو زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی، ڕووسی، زۆر بەباشی زانیوە.
"جەلادەت بەدرخان"، کتێبێکی لەسەر ڕێزمانی کوردی نووسیوە کە تەنھا بەشێکی چاپکراوە و بەشەکانی دیکەی ھێشتا ھەر دەستنووسن، فەرھەنگێکی بەکوردی و یەکێکی دیکەی کوردی - فەرەنسیشی ھەیە.
شایانی ئاماژەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیرانی کورد لە دەوری جەلادەت بەدرخان و گۆڤارەکانی کۆ دەبوونەوە.
کتێب و وتارەکانی بەدرخان
1.ئەلفوبێی کوردی
2.ڕێزمانی کوردی (کرمانجی)
3.فەرهەنگی کوردی (کرمانجی)
4.فێرکاری ئەلفوبێی کوردی
5.سەیرکردنێک لە ئەلفوبێ
6.پێشەکی بۆ تازە لەدایک بوون
7.پێشەکییەک بۆ نوێژی کوردە ئێزدییەکان
8.نامەیەک بۆ مستەفا کەمال پاشا
ئەم میرە کوردە لە سەردەمی عوسمانیدا بە 12 زمانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی شارەزا بووە و پاش 14 ساڵ لە توێژینەوەی زمانەوانیی، ئەلفوبێی کوردی ئێستای کرمانجی کە بە ئەلفوبێی لاتینی یان ئەلفوبێی هاوار ناسراوە، دامەزراند و زمانی کوردی هێنایە قۆناغێکی نوێوە. ئەم پیاوە گەورە کوردە دامەزرێنەری بەشی زمان و ئەدەبی کوردییە لە زانکۆی پاریس بوو کە ئێستا تا ئاستی دکتۆرا خوێنەری هەیە.
15ی تەمووز هاوکاتە لەگەڵ کۆچی دوایی ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و زمانناسە کوردە.