زایەڵە ـــ هەڵبژاردەی تۆپی باسکەی خانمانی ئێران بە 3 بردنەوە سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی جامی ئاسیا.

 لە درێژەی پێشبڕکێی تۆپی باسکە لە خولی پلەی دووی جامی ئاسیا، کە لە لایەن شێنژنی چینەوە میوانداری دەکرێت، خانمە وەرزشوانانی ئێرانی توانیان لە سێهەمین ڕکابەرەکەیان ببەنەوە و وەک هەڵبژاردەی سەرەکی سەرکەون بۆ قۆناغی پێش کۆتایی.

پاش بردنەوەیان بەرامبەر دوورگەکانی کوک و مەنگۆلیا، یاریزانە باڵابەرزەکانی ئێران پاش نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە لە سێیەمین یاری خۆیاندا ڕووبەڕووی تایلەند بوونەتەوە و بە ئەنجامی ٨٠-٦٢ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

تیپەکەی "ئیلێنی کاپوچیانی" لە چارەکی یەکەم و دووەمدا بە ئەنجامی ١٨-١٦ و ٢٧-١٧ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لە چارەکی سێیەمدا بە ئەنجامی ١٩-١٣ دۆڕا. لە چارەکی چوارەمدا ئەوە هەڵبژاردەی ئێران بوو کە بە ئەنجامی ٢٢-١٠ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

"مەهلا عابێدی؛ وەک باشترین یاریزانی ئەم یارییە دەرکەفت، بە تۆمارکردنی 16 خاڵ و 16 لێدانی سزا و 2 ئەسیست.

هەڵبژاردەی وڵاتی ئێران ڕۆژی هەینی ١٧ی تەمووز لە قۆناغی پێش کۆتایی یاری دەکات، تا ئێستا ئێران و چینی تایپە سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی پێش کۆتایی بەدەستهێناوە، تا ئێستاش چارەنووسی دوو هەڵبژاردەکەی تر نادیارە.