زایەڵە - عەلی حاجی زەڵمی ڕیگەیاند، بە هۆی ئەوەی حکومەتەکانی ناوەند لە ڕابردوودا ھەڕەشەی کەمکردنەوە و بڕینی بودجەی ھەرێمیان کرد، بۆیە ھەرێم ناچار بیری لە بونیاد نانی ئابووری سەربەخۆ کردەوە.
عەلی حاجی زەڵمی ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە وتوێژێکی تایبەتدا بە زایەڵەی ڕاگەیاند، لە 2003 بۆ2014 دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە ئیراق، هەرێمی کوردستان چووە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و ئابووری، بودجە بۆ هەریمی کوردستان دیاریکرا، مانگانە بڕە پارەیەکی باش دەهاتە هەرێمی کورستانەوە خێر و بێر و خوشگوزەرانی بە ڕووی هاووڵاتیاندا کرایەوە، حکومەت چەندین پڕوژە و خزمەتگوزاری پێشکەش کرد، مووچە و دەرماڵە زیادی کرد، خەڵکێکی زۆر دامەزرێنران بەتایبەت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگا، هەرێمی کوردستان گەشانەوەی زۆری بە خۆیەوە بینی لە رووی ئابوورییەوە؛ ئەمەش بازدانێکی گەورەی ئابووری بوو، دواتر بەھۆی ئەوەی مالکی و شیعەکان ھەڕەشەی کەمکردنەوە و بڕینی بودجەی ھەرێمیان کرد، بۆیە ھەرێم ناچار بیری لە بونیاد نانی ئابووری سەربەخۆ کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەستی کرد بە گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و دەرھێنانی و فرۆشتنی.
ناوبراو وتیشی، لە 2014 بۆ 2023 هەرێمی کورستان چووە قۆناغێکی قورسی ئابووری و گوزەران و ئەمنی و سیاسی و سەربازیيەوە لە ئێراق، ئەم قۆناغەی ئێستاش و ئەو ئابڵوقە دارایی و ئابووری و سیاسییەی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی و پەرلەمان و دادگای فیدراڵیەوە سەپێنراوە، پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دەرچوون لەم چەقبەستووە و پشت بە ئابوورییەکەی ببەستێت بۆ دابینکردنی دارایی پێداویستییەکانی هەرێم، هەروەها خۆی پشت بەستن بوون لە بەرهەمی ناوخۆیی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، تەندروستی، زانستی، و سەرچاوەکانی ئاو وە وزە بە هاوکاری دەسەڵاتی فیدراڵی، بە پێی دەستوور، بۆ سوودگەیاندن بە دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و خەڵکی کوردستان. لە لایەکی ترەوە بەو هەنگاوانەی سەرەوە هەرێم ئاڕاستەیەکی تر دەگرێتە بەر، بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەی کە دەیەوێت خەڵکی کوردستان و ناوچەکە لە ڕووی ئابووری و دارایی و سیاسییەوە بخاتە سەر ئەژنۆی خۆی.