زایەڵە - بەهۆی چارەسەرنەبوونی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا و دواکەوتنی مووچە، گرفتی بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستکردووە.
بڕیارە ڕۆژی ١١ی مانگی ١١ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، هەروەها لەسەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵیش دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت.
بەردەوامی کێشەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بەتایبەتتریش ماوەی ٣ مانگە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆتەهۆی دروستبوونی رووگیری (ئیحراج)ی لای کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان و ناتوانن وەک پێویست بانگەشەی پێشوەختە بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی زۆری کاندیدەکان لە هەرێمی کوردستان نەک هەر ئامادەکاری فلێکس وچاپەمەنییەکان دەست پێنەکردووە،بگرە لە ڕوویان نایەت لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بانگەشەی پێشوەختە بۆ خۆیان بکەن، لەکاتێکدا بۆهەڵبژاردنەکانی پێشتر چەند مانگێک پێشتر کاندیدان دەستیان بە بانگەشە کردبوو، بەتایبەتیش لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی خۆیان دادەنا و سەردانی شوێنەگشتییەکانیشیان دەکرد بۆکۆکردنەوەی دەنگ.
هەر بەپێی زانیارییەکان، دواکەوتنی مووچە بەشێوەیەک رووگیری بۆ ئەو کاندیدانە دروستکردووە، کە لەم کاتەدا داوا لە هەر کەسێک دەکەن دەنگیان پێبدات، ئەو کەسانە بە روویەکی ناخۆشەوە وەڵامیان دەدەنەوە و متمانەیان بە پەرلەمانتاران نەماوە کە بتوانن داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.