زایەڵە - عادل عەبدولقادر چاودێری سیاسی لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بە بۆچوونی  من ئایندەی هەرێم تەنها بەندە بە پێگەیشتنی سەرکردایەتی کورد و توانای تێپەڕاندنی تەسکی حزبی و ململانێی ملشکاندنی یەکتریەوە. بەڵام بە پێی دوا کۆبوونەوەی هەردوولا دیمەنەکان دڵخۆشکەرن و گەشبینانەن۰ بەڕاستی خەڵک ماندووبوون، قەیرانەکان زیادیان کردووە . نوخبەی سیاسیش پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ بەغدا یان دەرەوەی وڵات پێویستی بە "شۆکی هۆشیاری" و ڕێکخستنەوەی ماڵی کورد هەیە.

وتیشی، ئەگەر چاکسازی ناوخۆیی بەدی نەهات، هیچ پشتیوانی و ململانێیەکی دەرەکی لەگەڵ بەغدا هیچ سوودێکی نییە، ئەگەر دابەشبوونی سیاسی ناوخۆ بەردەوام بێت و بەغدا بەبێ سازش بەردەوام بێت لە فشارەکان، لەوانەیە هەرێم بەشێکی زۆری دەسەڵاتی دیفاکتۆ و دەستوری خۆی لەدەست بدات.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕەنگە ببینین هەرێم لە "کیانێکی سیاسی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراق"ەوە بگۆڕێت بۆ "ئیدارەیەکی ناوخۆیی کە ئیمتیازاتی دارایی سنوورداربکرێت ، ئەمەش مەترسیدارترین سیناریۆیە. بەردەوامبوون بەبێ شەرعیەت، قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان بەردەوامیان دەبێت و متمانەی گشتی بە سیستمەکە زیاتر لاواز دەبێت. بەڵام ئەگەر چاکسازی ناوخۆیی هەبێت و  هەردوو حزب یەکێتی و پارتی لەسەر دیدگایەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون  ڕەنگە حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت. کە من پێموایە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دەکەوێتە پاش هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق لە ١١ ی ١١ ئەمساڵ