زایلە ــــ "مەعسوومە میربەیگی" لە مناڵە ونبووەکانی کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ بۆ ئیران کە پاش سەرکوت و کۆمەڵکوژی توندیان لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە، بنەماڵەیەکی کرماشانی سەرپەرشتی لە ئەستۆ گرت.

ئەمەی دەیخوێننەوە، چاوپێکەوتنێکی تۆڕی میدیایی جام کوردی لەگەڵ کچە ونبوویەکی کوردە کە لە کۆڕەوەکەی ١٩٩١ بنەماڵەکەی ڕوویان لە کرماشان کرد و لە کەمپێکی ئاوارەکان لەدایکبوو و کاتێک کە تەنیا سێ ڕۆژ لە هەڵاتنی چاوی بە دونیا تێپەڕبووە لە دایک و باوکی دوور دەکەوێتەوە و ئەو کۆرپە بێ نازە خۆی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی کرماشانی دەبینێتەوە.

نێوی "مەعسوومە" یان لەسەر دانا. بەپێی بەڵگەکان، لە گیلانی غەرب و لە ئۆردوگای جەنگی ئاوارەکانی عێراقی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩١ کە کوردەکان لە دەستی دەسەڵاتی سەدامەوە بەرەو سنوورەکانی ئێران هەڵهاتن، بنەماڵەی مەعسومەش پەنایان بۆ ئێران و گیلانی غەرب برد. چیرۆکی مەعسومە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە تەمەنی تەنها ٣ ڕۆژ بووە.

نەخۆشی لەناو کەمپەکەدا تەشەنە دەسێنێت و بڵاودەبێتەوە، بەشێک لە دانیشتوانی کەمپەکە کۆچ دەکەن، هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەندێکیش بەهۆی نەخۆشییەکە گیان لەدەستدەدەن. لەم نێوانەدا دیار نییە دایک و باوکی مەعسومە تووشی چ چارەنوسێک دەبن؟ ژن و پیاوێک خەڵکی شاری گیلانی ڕۆژئاوا سەرپەرستی مەعسوومەی تەمەن ٣ ڕۆژە لە ئەستۆ ئەگرن.

مەعسوومەی بچووک، بێ ئاگا لە هەموو شتێک گەورە دەبێت. دایک و باوکی بڕیار دەدەن کاتێک هاوسەرگیری دەکات هەموو شتێکی بۆ ڕوون بکەنەوە.

خۆت دەناسێنی

"مەعسوومە میربەیگی" لەدایک بووی ساڵی ١٩٩١ لە کەمپی جەنگی گیلانی ڕۆژئاوا. هاوسەرگیریم کردووە و دوو مناڵیشم هەیە. تا قوناخی کارناسی "زمان و ئەدەبی فارسی"م لە زانکۆی ڕازی کرماشان خوێندووە.

چیرۆکی تۆ لە کوێیەوە دەستیپێکرد؟

هەموو شتێک باش بوو. دایک و باوک، ژیان، خوێندن، زانکۆ، و هاوسەرگیری... ڕۆژێک کە دایک و باوکم بڕیاریان دا هەموو شتێکم پێ بڵێن دوای چەندین ساڵ، کاتێک بوو کە هاوسەرگیریم کرد. دوای هاوسەرگیریم، دایک و باوکم چیرۆکی دۆزینەوەی من و خستنە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی خۆیان لەگەڵمدا باس کرد.

هەست و حاڵی ئەو ڕۆژانەی تۆ چۆن بوو؟

باوەڕی بۆ من زۆر قورس بوو... زۆر قورستر لەوەی کە تۆ بیری لێ بکەیتەو... دایک و باوکێک کە لە خۆیان ڕاستەقینەتر نەبوون، تەنانەت لە خۆشیان باشتریش نەبوو، ئێستا دەبێت بیربکەمەوە، ئەمانە دایک و باوکی ڕاستەقینەم نین و دەبێت بەدوای دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆمدا بگەڕێم. لە کوێن؟ چی ڕوویدا کە وازیان لێهێنام؟ بۆ منیان لەگەڵ خۆیان نەبرد؟ بۆچی چارەنووسێکی وام هەبێت؟ من کێم و کوا ناسنامە و ڕەگ و ڕیشەم... هەموو ئەم پرسیارانە لە مێشکمدا دەهاتن و دەچوون... چەند تاڵ و چەند سەرلێشێواو... شۆک بووم و تەنانەت بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە خەوێندرام... ڕۆژانی قبوڵکردنی ئەم بابەتە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا زۆر قورس بوو بۆم.

چۆن ڕووبەڕووی ئەم بابەتە بوویتەوە؟

بە کاتە سەختەکاندا تێپەڕیم. لە لایەک نەمدەویست دایک و باوکی ئێستام لێم زیز بن و دڵیان بشکێت، لە لایەکی ترەوە ناچار بووم بزانم دایک و باوکی ڕاستەقینەم کێن؟ ئایا زیندوون یان مردوون؟ لە کوێن و بۆچی بە منداڵی وازیان لێهێنام؟ بەدوای وەڵامێکی قەناعەت پێکراودا دەگەڕام بۆ هەموو ئەو پرسیارانەی کە لە مێشکمدا بوون. دووبارە و سێبارە لەگەڵ خۆمدا ململانێم دەکرد بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی ئەم بەسەرهاتە ببمەوە، بەڵام جگە لە وەڵامێکی قەناعەت پێکەر هیچی تر نەیدەتوانی دڵم ڕازی بکات!

ئەنجامەکەی چی بوو؟

بڕیارمدا بەدوای خێزان و ناسنامەکەمدا بگەڕێم. دایک و باوکی ڕاستەقینەم لە کوێن و بۆچی وازیان لێهێنام؟ باوکم، زۆرم لەگەڵ هاوڕا بوو و پشتیوانی دەکردم. لەبەر هەژاری وازم لێ نەهێنرا بوو، تێگەیشتن لەم بابەتە زۆر بە ئازار بوو. باوکم هەمیشە دڵنەوایی دەدام و دەیگوت بارودۆخی شەڕ بووەتە هۆی ئەوەی ئەمەت بەسەردا بێت و مافی ئەوەت هەیە بزانیت دایک و باوکی ڕاستەقینەت کێن. باوکم وتی نابێت لەسەر بنەمای هەست و سۆز حوکمیان لەسەر بدەیت.

دایک و باوکی (ئێستا)ت خەڵکی کوێ بوون؟

دایکم خەڵکی گیلانی ڕۆژئاوا و باوکم خەڵکی قەسر شیرین بوو. لەبەر ئەوەی باوکم پیاوێکی سەربازی بووە و لە گیلانی ڕۆژئاوا خزمەتی دەکرد، هەر لەوێ هاوسەرگیری کردووە و ژیانی خۆیان دەستپێکردووە. دواتر هاتوون بۆ کرماشان.

هیچ خوشک و برایەکت هەیە؟ 

نەخێر، دایک و باوکم منداڵیان نەدەبوو و تەنها منیان هەبوو. ١٠ مانگ پێش ئێستا باوکم لەدەستدا. دۆخەکەم زۆر سەخت بوو کاتێک باوکم ڕۆیشت.

دایک و باوکی (ئێستا)ت چۆن سەرپەرشتی تۆیان لەئەستۆ گرتووە؟

لەو ڕۆژانەدا دایکم، خاڵۆمی کە منداڵ بوو دەیبرد بۆ بنکەی تەندروستی، هەر لەوێدا، من لە باوەشی سەربازێکدا دەبینێ و سەرنجی ڕادەکێشم و لەبارەی منەوە پرسیاری لە سەربارەکە کردووە. ئەمەش وای لێکردن بەدوای بەخێوکردنی مندا بگەڕێن. دایک و باوکم لەو کاتەدا هەنگاویان نابوو بۆ بەخێوکردنی منداڵێک لە هەتیوخانەدا، بەڵام دوای بینینی من، لە ڕێگەی ئیدارەی باشبژێوی گیلانی ڕۆژئاواە پرۆسەی بەخێوکردنمیان ئەنجام دا.

چۆن وەڵامی ئەو پرسیارانەی مێشکت دایەوە؟ 

یەکەم، دایک و باوکم و هەموو ئەو ناونیشانانەی هەیانبوو. سەرەتای گەڕانی جددیم لە دادگای گیلانی ڕۆژئاواوە بوو. لەوێ شایەتحاڵەکانم دۆزرانەوە. ڕاپۆرتەکە تۆمار کرا و دادگای گیلانی ڕۆژئاوا ڕەچەڵەکی عێراقی منی پشتڕاستکردەوە. دواتر لەنێو بەساڵاچووانی کەمپەکەدا چەند کەسێک دۆزرایەوە هەرچەندە جگە لەو سەربازەی کە منی ڕادەستی فەرمانگەی باشبژێوی گیلانی ڕۆژئاوا کردبوو، بە بیری کەسێک نەهاتمەوە.

لەگەڵ "نۆخشە ناسح" پارێزگاری هەڵەبجە دیدات هەبوو، هیچ شوێنێک لە دایک و باوکت دۆزییەوە؟

هێشتا نا! هەموو پڕۆسەی ئیداری ئێرانم تێپەڕاندووە و ئێستا دەبێت لە عێراقدا بەدواداچوونی بۆ بکەم، نزیکەی ٥ بۆ ٦ ساڵ ئەبێت کە بە تەلەفوون لەگەڵ عێراقدا بەدواداچوونم بۆ ئەم بابەتە کرووە و دواجار ناچار بووم خۆم بچمە عێراق و هەروەها لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوومەوە، ئەو بەڵێنی دا کە بەدواداچوونم بۆ بکات، بەڵام من هێشتا هیچ بەڵگەیەکم لەسەر دایک و باوکم نەدۆزیوەتەوە.

لە دۆخی ئەو ڕۆژانەی کەوا لە دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆت جیا بوویتەوە، شتێکت دەست کەوت؟

بەڵێ هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩١ و کۆتایی ساڵی ١٩٩٠ کاتێک کوردەکانی عێراق دوای سەرکوتکردن لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێنەوە، پەنا بۆ سنوورەکانی ئێران دەبەن، دایک و باوکم لە کەمپی گیلانی غەرب نیشتەجێ بوون. دایکم لەوانەیە لەو کاتەدا دووگیان بووبێت. دیارە نەخۆشییەکی گوازراوە لە نێو خەڵکی کەمپەکەدا سەریهەڵداوە و زۆرێک لە ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکە بەهۆی ئەوەوە گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیشیان ناچار بوون کۆچ بکەن. ئەوەی کە ئاخۆ دایک و باوکم گیانیان لەدەست داوە یان کۆچیان کردووە ڕوون نییە. من هێشتا هیچ بەڵگەیەکم لەسەر ئەم بابەتە نەدۆزیوەتەوە. تەمەنم سێ ڕۆژ بوو کە ڕادەستی ڕێکخراوی باشبژێوی کرام. بەشێک لە پەنابەرانی دانیشتووی کەمپی گیلانی ڕۆژئاوا چوونە ناوچەی سەحنە و ژمارەیەکیشیان چوونە سونقور و من لە هەموو ئەو کەسانە پرسیارم لە دایک و باوکم کرد، بەڵام هیچکەس هیچ هەواڵێکیان لەوبارەیەوە نەبوو.

لە کۆتاییدا....

هیوادارم زیاتر لە دەساڵ گەڕان بە دوای خێزانەکەم ئەنجامی هەبێت بۆ ئەوەی بزانم دایک و باوکم کێ بوون؟ بۆچی وازیان لێهێنام؟ ئایا زیندوون یان مردوون؟

ئامادەکردن: فەرناز چێراغی

لینکی سەرچاە