زایەڵە ــــ کەلیدەر چیرۆکی بنەماڵەیەکی کوردی ئێرانییە کە بەناچاری بەرەو خوراسان کۆچ دەکەن، ئەم ڕۆمانە وەکوو شاهکاری ئەدبی هاوچەرخی ئێران دێتە ئەژمار.

«ئێمە وەک دووپشک پەروەردە کراوین، هەر وەکوو دووپشک، ساتی بەیانی کاتێ لە خەو هەڵدەستین هەتا شەو کە سەرمان دەنێنەوە، بەردەوام یەکتر دەگەزنین ێمە بەخێڵین، بەخێڵ. ئێمە لە بەردهاوێشتن بۆ یەکتر چێژ دەبەین. ئێمە چێژ لە بینینی کەسانی تر دەبینین کە شەرمەزار و ئیفلیج بوون. ئەگەر کەسێکی تر پارچە نانێکی هەبێت بیجوێت، وەک ئەوە وایە گۆشتی ئێمە دەجوێت.»

"مەحمود دەوڵەت ئابادی" یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئێران  ڕۆمانی "کەلیدەر"ی لە نێوان ساڵانی 1978 بۆ 1983 نووسیوە. ئەم ڕۆمانە چیرۆکی خێزانێکی کوردی ئێرانی دەگێڕێتەوە کە ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ شاری سەبزەوار لە خۆراسان "کەلیدەر"بریتییە لە سێ هەزار لاپەڕە و نزیکەی 700 هەزار وشە لەخۆ دەگرێت. کات و شوێنی چیرۆکەکە لە خوراسانی ئێران  لە ساڵی 1946 و چەند ساڵێک دوای ئەوە ڕوودەدات.

"کەلیدەر" ڕۆمانێکی ژینگەیی و درێژترین بەرهەمی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی "مەحمود دەوڵەت ئابادی"یە و بەرهەمی 15 ساڵ هەوڵ و ماندوو بوونی ئەو نووسەرەیە.

 "دەوڵەت ئابادی" نێوی ئەم ڕۆمانەی لەسەر بنەمای چیایەک هەڵبژاردووە کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەبزەوار و نەیشابوور و قوچان لە خوراسانی ئێران.

خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم کتێبە ئەوەیە کە "مەحمود دەوڵەت ئابادی" ڕۆمانەکەی لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینە نووسیوە بۆ نموونە کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکە ناوی "گوڵ موحەمەد"ە پاڵەوانێکی خەڵکی سەبزەوار، ئەم پاڵەوانە لە جیهانی ڕاستەقینەشدا دژی زوڵم و ستەم و نادادپەروەری دەوەستێت.


پوختەی ڕۆمانی کەلیدەر

"ماراڵ" کچێکی گەنجی هۆزێکی کۆچەرە کە دوای دەستگیرکردنی باوک و دەزگیرانەکەی و مردنی دایکی بێ کەس و تەنیا دەمێنێتەوە. ناچار دەبێت بچێتە خێوەتگەی نەنە بەلقیسی پووری کە لەمێژە ڕقی لە باوکی هەیە. خێزانی کەلمیشی تاڕادەیەک بەخێرهاتنی دەکەن و وردە وردە وەک ئەندامێکی خێزانەکە سەیر دەکرێت تا ئەوەی کە کاتێک شیرۆ، کچە بچووکەکەی خێزانەکە، بەنیازە لەگەڵ خۆشەویستەکەی هەڵبێت، نهێنیەکەی تەنها لەگەڵ "مارال" دەگێڕێتەوە و لە ئاکامدا لەگەڵی هەڵدێت و ...

ڕۆمانی "کەلیدەر" پاش ڕۆمانی"گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو" بەرهەمی "مارسێل پرۆست" وەک دووهەمین ڕۆمانی درێژی دنیا دێتە ئەژمار. "مەحمود دەوڵەت ئابادی" هێزێکی بێ وێنەی لە نووسینی ئەم ڕۆمانەدا لە خۆی نیشانداوە و زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ئەدەبی لەوانە "ئیحسان یارشاتێر" زانای کۆچکردوو و پرۆفیسۆر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا زۆر ستایشی ئەم کارەی کردووە. "دەوڵەت ئابادی" شارەزاییەکی تایبەتی هەیە لە جوانکارییەکانی زمانی فارسی و هەروەها بە تەواوی ئاشنایە بە وشە و دەربڕینەکانی ناوچەی خوراسان و بەم شێوەیە توانیویەتی بەو هونەرەو کە هەیەتی دیمەنێکی نایاب و دەگمەن لە ڕۆمانی کێلیدەردا دروست بکات.


"ئەحمەد شاملو" شاعیری گەورەی بەناوبانگی ئێرانی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە دەڵێت: "کەلیدەر وەکوو لووتکەیەک وایە کە سەری لە تەم و مژەو هەڵێناوە."

ڕۆمانی کەلیدەر و خەڵاتی نوبلی ئەدەبیات

ڕۆمانی "کەلیدەر" جارێک پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ، ئەو کاتە "دەوڵەت ئابادی" لە ئەمریکا بوو.

 زانکۆی میشیگان پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر لە ئەمریکا بمێنێتەوە، کەلیدەر وەربگێڕنەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و بۆ ماوەی 9 مانگ زەمالەی خوێندنی پێدەبەخشن و ئینجا ڕۆمانی کەلیدەر بە دڵنیاییەوە خەڵاتی نۆبڵ دەباتەوە. بەڵام دەوڵەت ئابادی چونکە سەرقاڵی نووسینی کتێبێکی دیکە بوو ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە.

لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دیکەی ئەم نووسەرە دەتوانین ئاماژە بەینە"جێ بەتاڵی سلووچ"، "سلووک" "ئەقیل ئەقیل"، "ڕۆژ و شەو یوسف" و دەیان بەرهەمی دیکە. شایانی باسە بەرهەمەکانی دەوڵەت ئابادی تا ئێستا وەرگێڕاونەتە سەر چەندین زمانی زیندووی دونیا لەوانە، ئنگلیزی، فەڕنسەیی، ئاڵمانی، ئیتالیایی، سوئێدی، چینی و عەرەبی.

"ئێمە بیرتەسکین و برچاوتەنگ و بەخێڵ و پڕ لە کینە، وەک بلێی ئێمە کاتێک ئاسوودەین کە دەبینین کەسێکی تر بە سکی بەتاڵەوە دەنوێت، کاتێک دەبینین کەسێک پێویستی بە یارمەتییە، تەنانەت ئەگەر یارمەتیشی بدەین، وادەزنین بۆ ئێمە دەبێتە مایەی مەترسی، وەک بڵێی لە پێگەی یەکتر دەترسین".

ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی