زایەڵە ـــ ناودێڕانی بیست و سێیەمین خەڵاتی "قەڵەمی زێڕین"ی ئێران لە بەشەکانی شیعر و چیرۆکی گەورەساڵان و شیعر و چیرۆکی منداڵان و هەرزەکاران و ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبی ڕاگەیەنرا.
کۆبوونەوە بۆ ڕاگەیاندنی ناودێڕانی بیست و سێیەمین خولی خەڵاتی "قەڵەمی زێڕین" لە ئێران بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران و هەروەها سکرتێری بیست و سێیەمین فێستیڤاڵی "قەڵەمی زێڕین"ی ئێران لە نووسینگەی ناوەندی ئەم ئەنجومەنە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند؛ قەڵەمی زێڕین فیستیڤاڵێکه که له ژێر کاریگەری لایەنە سیاسییەکاندا نییە، ڕێڕەوی قەڵەمی زێڕین هاوتەریبە لەگەڵ ڕێڕەوی شۆڕشی ئیسلامی و بەها ئایینییەکاندا و لەم ڕێگایە لانادات. هەرکەسێک ئاراستە بگۆڕێت بە دڵنیاییەوە لەسەر ڕێگا لادەبرێت.
"ڕەحیم مەخدومی" سەرۆکی ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران، وتیشی: بەداخەوە پەتای سیاسیکردن زیانێکی بێقەرەبووی بە گەشەی زانستی و کەلتووری کۆمەڵگا گەیاندووە خۆشبەختانە "قەڵەمی زێڕین" لەم دەردە ڕزگاری بووە.
"مەجید سەفاتاج"بەڕێوەبەری ئەنجومەنی قەڵەمی ئێران لەمبارەوە ڕایگەیاند: فێستیڤاڵی "قەڵەمی زێڕین" یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی ساڵانەی ئێرانە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا بەڕێوەدەچێت و لە لایەن ئەنجومەنەوە نزیکەی ٢٠٠ نووسەر و شاعیر و توێژەرەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەم فێستیڤاڵە بە جەختکردنەوە لەسەر پایەکانی ئەدەبیاتی فارسی، کە بریتین لە شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، باس لە ژێرخانی ئەدەبیاتی هاوچەرخ دەکات.
"مەجید سەفاتاج" لە درێژەدا وتیشی: فستیڤاڵی "قەڵەمی زێڕین" تا قۆناغی بیست و سێیەم توانیویەتی بەبێ پچڕان خولەکانی بەڕێوە ببات، ئەم فێستیڤاڵە لە ماوەی ڕابردووی ئەنجامدانیدا تووشی شێواندن و گۆڕانکاری سیاسەتی نەبووە، هەروەها لە ڕەوتی کارناسییەکانیدا پرۆسەی چاودێریکردنی دوو لایەنە پەیڕەو دەکات".
"موستەفا موحەدسی خوراسانی" سکرتێری بیست و سێهەمین خەڵاتی "قەڵەمی زێڕین" سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی کتێب بۆ فێستیڤاڵی قەڵەمی زێڕین ڕایگەیاند: کتێب بەردی بناغەی بینای کولتوور و شارستانیەتی ئێرانی و ئیسلامیی ئەم خاکەیە و بە درێژایی مێژوو بنەڕەتیترین ڕۆڵی لە پاراستن و نۆژەنکردنەوە و تەواوکردنی ئەم بینایە بینیوە.
مستەفا موحەدسی خوراسانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە سەردەمی هاوچەرخدا سەرەڕای سەرهەڵدانی میدیای خوێندنی هەمەچەشن و فرەیی، کتێب بەردەوامە لە پاراستنی ڕۆڵی مێژوویی خۆی و جێی متمانەترین و کارامەترین ئامێری فەرهەنگساز و گواستنەوەی کولتوورە.
ناوبراو وتیشی: کۆی ژمارەی ئەو کتێبانەی کە لە بیست و سێهەمین خەڵاتی "قەڵەمی زێڕین" لە پێنج بەشدا پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، ٩٠٠٠ ناونیشانی تێپەڕاندووە، کە لە سێ قۆناغدا دادوەرییان بۆ کراوە، هەروەها پێنج بەرهەم وەک کاندید لە هەر بەشێکدا ناسێنران، و لە کۆتاییدا شەش بەرهەم لە هەموو بەشەکاندا وەک هەڵبژێردراو و شایستەی پێزانین ناسێنران، و لە ئاهەنگی کۆتاییدا لە ٢ی گەلاوێژ ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری ئیسفەهانی ئێران ڕێزیان لێدەگیرێت.
هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی بیست و سێهەمین فێستیڤاڵی قەڵەمی زێڕین، کتێبێک بە ناوی "قەڵەمی ٢٢ لەژێر زەڕەبیندا" چاپ دەکرێت و پەردەی لەسەر لا دەدرێت، کە تێیدا پێداچوونەوە بە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵی پێشوو دەکرێت و دەناسێنرێت.