زایەڵە ـــ  لە جیهانێکدا کە شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە کاری پیاوانە دادەنرێت، ژنێکی خەڵکی کرماشان تابوەکانی شکاندووە. "ئارەزوو کەمەرپوور" بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر جادەکانی وڵات شۆفێری دەکات، لە هەمان کاتدا دەف دەژەنێت، شیعر دەڵێت و تابڵو فەرش دەچنێت. ئەو نەک هەر شۆفێرێکی پڕۆفشناڵ، بەڵکو سیمبولی ئیرادە و بوێری و هونەری ژنانی ئێرانە. چیرۆکی ئەو چیرۆکی هەڵبژاردنی ڕێگایەکی جیاوازە لەنێو دڵی ئەو ڕێگایانەی کە هەمیشە بە پشکی پیاو دادەنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێمە هەمیشە ئەو پیاوانەمان لەبیرە کە شۆفێری ئوتۆمبێلە بارهەڵگرەکانن و سەدان کیلۆمەتر ڕێگا دەبڕن بۆ گواستنەوە و داگرتنی بار، کە ئەو کارە کارێکی قورسە و هەموو کەسێک توانی ئەنجام دانی نییە، بەڵام لەم بوارەدا ژنێکی زەحمەتکێش هاتۆتە پێشەوە و شان بە شانی پیاوان شەقامەکان دەپێوێت بۆ گەیاندنی کەلوپەل بۆ شوێنی مەبەست. "ئارەزوو کەمەرپوور" ژنێکە کە لەگەڵ مەیل و ئارەزووی بۆ شێعر و ئەدەب و فەرش چنین و ژەنینی دەف، مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری نێودەوڵەتیشی هەیە. 

دەقی گفتوگۆی جام کوردی لەگەڵ ئازەزوو کەمەرپوور بەم شێوەیە:

تکایە خۆت باشتر بناسێنە.

من "ئارەزوو کەمەرپوور"م، ئیش و کارم شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە و  وێڕای بڕوانەمەی شۆفێری پلەی دووهەم، پلە یەک و بڕوانامەی شۆفێری نێودەوڵەتیشم هەیە، ماوەی چەند ساڵێکە لەم بوارەدا چالاکم و بە شانازییەوە دەڵێم من یەکێکم لەو ژنانەی کە ئەم ڕێچکە جیاوازەی هەڵبژاردووە و بەرووەوامم لەسەری.

حەز و ویستت بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە کوێوە دەستی پێکرد؟

من لەگەڵ خۆشەویستی و خەونی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گەورە بووم. هەر لە منداڵی و هەرزەکارییەوە هەمیشە خۆزگەم دەخواست ڕۆژێک لە پشت بارهەڵگرێک دابنیشم و شۆفێڕی بکەم و سوپاس بۆ خوا ئەوەم بەدەست هێنا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تۆ بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتیت هەیە کە توانای ژنان لە ئەنجامدانی ئەرکی قورسدا نیشان دەدات، ئایا پێتوایە بەڕاسی ژنان هیچ سنوورێک بۆ خۆیان نابینن؟ 

من لەو باوەڕەدام کە ژنان هیچ سنوورێکیان نییە لە ئەنجامدانی ئەرکی قورس یان بەناو پیاوانە. ئەگەر بەڕاستی حەزیان لە شتێک بێت، بە ئیرادە و پشتیوانی، دەتوانن بەدەستی بهێنن. لەوانەیە کۆمەڵگا بە ڕاست یان هەڵە هەندێک کاری بە مێینە یان نێرینە پێناسە کردبێت، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی سنووردارکردن. وەرگرتنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی یەکێکە لە شانازییەکانی من و نیشانی دەدات کە ژنانیش دەتوانن لە ڕێگا سەختەکاندا سەرکەوتوو بن.

کاردانەوەی کەسانی دەوروبەرت چی بوو؟

چوونە ناو ئەم جۆرە ئیش و کارانە کاردانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەندێکیان دڵخۆش بوون و بە هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی ژنانی دەزانن. هەندێکیان سەریان سوڕمابوو کە چۆن خانمێک دەتوانێت ببێتە شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و هەندێکی تریش دژایەتی ئەو کارەیان کرد.

کێ گەورەترین هاندەرت بوو؟

دایکم گەورەترین هاندەرم بوو. ئەو هەمیشە پاڵپشتی من بوو و متمانەی بەهێز دەکردم، بە ستایشی من وەک ژنێکی خاوەن ئیرادە. سوپاسی ئەو و هەموو ئەوانە دەکەم کە هانیان دام.

جگە لە شۆفێری چ بەهرەیەکی ترت هەیە؟

من حەزێکی زۆرم لە هونەر هەیە. ئەندامی گروپی ژەنیارانی دەفی ماڵی دەفی کرماشانم و بەشداری ئەنجومەنەکانی شیعر و ئەدەب دەکەم و لە کاتە بەتاڵەکانمدا تابڵۆ فەرش دەچنم.

بەڕای تۆ گرنگترین سنوورەکانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنانی بەتوانا و بەهێز چییە؟

من بۆ خۆم هەست بە هیچ سنوورێک ناکەم، چونکە باوەڕم وایە ئیرادەی بەهێز دەتوانێت بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت. بەڵام یەکێک لە کێشە جدییەکان، نائەمنی ڕێگاوبان و تێڕوانینی نەرێنی بەشێکی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بەو ژنانەی کە بە تەنیا سەفەر دەکەن.

قسەی کۆتایی؟

هیچ شتێک قورس نییە بۆ کەسێک کە ئیرادەی هەبێت. ئامۆژگاریم بۆ هەموو خانمان ئەوەیە کە ئەگەر ئارەزووی کار و پیشەیەکیان هەیە، پێویستە بە کۆڵنەدان و ئیرادوە بەدوایدا بچن. ژنان زۆر بەتوانا و ماندوونەناسن، پێویستە خێزانەکانیان پشتیوانیان بکەن. هێزی ئیرادە کلیلی سەرکەوتنە.