زایەڵە- عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، بە خێرایی نەوت بدرێتە سۆمۆ، بڕەکەی زیاد بکرێت، (١٢٠ ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ بدرێت بە دارایی فیدراڵ، تا وەکچۆن ئەمڕۆ (٩٧٤ ملیار) بۆ مانگی پێنج هات، هەفتەی داهاتووش پارەی مانگی شەش بێت، ئەمە ڕێگە دروستەکەیە.

ڕاشیگەیاند: بڕی (٩٧٤ ملیار) و (٨١٣ ملیۆن) دینار بۆ مووچەی مانگی (پێنج) گەیشتە ئەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ئەوەی پارەی مووچەی مانگی شەش و حەوتیش بەخێرایی بێت، هەرەەها مانگەکانی دواییش دوانەکەوێت، پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت بە زوویی.

وتیشی، ئەو بەرهەمەی ئێستە ئامادەیە لە نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکرێت، بەردەوامیش بەبێ پێچ و پەنا بڕەکەی زیاد بکرێت تا دەگاتە (٢٣٠ هەزار) بەرمیلی ڕۆژانەو دواتریش (٤٠٠ هەزار) بەرمیل، بە پێی یاسای بودجە. بڕی ( ١٢٠ ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ وەک بەشی خەزێنەی گشتی فیدراڵ بۆ مانگی شەش بە زوویی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت. ئاسانکاریی بکرێت بە تەواوبوونی کاری لیژنە هاوبەشەکانی پیاچوونەوەی بەرهەمی نەوت، هەڵسەنگاندن بۆ داهاتی ناوخۆ، هەڵسەنگاندنی پشکی ناوخۆی نەوت بۆ پاڵاوگە، تەوتینی مووچە، چارەسەرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ئەمساڵ.ئەمە بەرژەوەندی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستانیشە