زایەڵە ـــ کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "ساڵی ئاژاوە" لە نووسینی "عەباس مەعرووفی" و وەڕگێڕانی خاتوو"سورەییا تەهماسبی" لە شاری سنە لە لایەن ئەنجومەنی مەولەوی کورد بەڕێوەچوو.

لە ڕاگەیێندراوی ئەم کۆڕەدا هاتووە: ئەدەبیات گۆڕەپان و جەولانگەیەکە، ناسک خەیاڵان و خاوەن قەڵەمان سنووری دێڕەکانی دەبەزێنن و لا لە برینە شاراوەکانی کۆمەڵگە و نەتەوە دەکەنەوە. لەم گۆڕەپانەدا، وەرگێڕان قەڵایەکە؛ کە سەربازی بوێری وشە، ڕەخنە دەکاتە مەتەرێزی هزری نووسەر و ڕیز بە ڕیز یاسای دێڕەکانی دەشکێنێ و ئاڵای فەرهەنگێکی نوێ لە پێدەشتی زمانی دایکدا بەرەو زمانی مەبەست هەڵدەکا و بە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان فەرهەنگەکان و ناساندنی فەرهەنگی مەبەست، کتێبخانەکان پاڵ دەدەن بە جیهانی بێ سنووری خۆیانەوە.

یەکەمی گەلاوێژی2725،ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی کورد بە هاوکاری ماڵی وەرگێڕانی هۆژین،کۆڕی پەردەلادان و نواندنی کتێبی ساڵی ئاژاوە، لە نووسینی« عباس معروفی» و وەرگێڕانی قەڵەمی توانای خاتوو «سورەییا تەهماسبی» بەڕێوە برد.

بەرنامەکە لە چەند بەشی جۆراوجۆر پێک هاتبوو. سەرەتا کاک کەماڵ تاهرنژاد وەکوو پێشکەشکار و بەرپرسی ماڵی وەرگێڕانی هۆژین بەرنامەکەی دەست پێکرد و پاشان کاک خالد ئەمانی بەرپرسی ئەنجومەنی مەولەوی پەیامی ئەنجومەنی پێشکەش کرد.

دواتر خاتوو سیمینی چایچی پاش پیرۆزبایی، شعرێکی خوێندەوە.

لەم کۆبوونەدا بەڕێزان« دوکتۆر نەجمەدین جەباری، دوکتۆر مەسعوود بینەندە و خاتوو دوکتۆر بەیان عەزیزی» بە وتاری بەپێز و لێکدانەوەی دڵسۆزانە کۆڕەکەیان ڕازاندەوە و واتایەکی تریان بەخشی بە گەلاوێژی خاوەن شکۆ.

خاتوو سورەیا تەهماسبی سپاسی ئامادەبوانی کرد و چەن  خاڵێکی لەسەر وەرگێڕانەکە خستەڕوو. بەرنامەکە بە  مۆسیقای گرووپی "گەلۆ" هەروەها پەردەلادان لەسەر کتێبەکە کۆتایی هات.