زایەڵە ـــ کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانی مانا، مەعنەوییەت و بەرگەگرتن لە لایەن ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری نژیاروان لە ماڵی هیوای خانەنشینان لە شاری سنە بەڕێوەچوو.
لە جیهانێکدا کە بە خێراییەکی بێ وێنە لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە، بەتایبەت لە ژینگەیەکی پڕ لە ئاژاوە، ئاڵۆز و ناسەقامگیردا و بەتایبەتتر لە کاتی قەیران و ئازارەکاندا، پرسیار لە مانا و مەعنەوییەتی ژیان تەنها خەمێکی تاک نییە، بەڵکو پێویستێکی زانستی، کەلتووری و کۆمەڵایەتیشە. کە خاتوو "ئەسرین حسامی" ئەندازیار و بەرپرسی ڕێکخراوەی هونەری، فەرهەنگی نژیاروان وەک پرسێکی گرنگ سەیری ئەم بابەتە دەکات و بە کۆکردنەوەی چەن ماموستایەکی گەورەی شار سنە و ڕێکخستنی کۆڕێکی زانستی کە پرسیار و وڵامی تێدایە دەیەوێت تاکی کۆمەڵگا بگەنە وڵامی ئەو پرسیارە.
ڕۆژی چوارشەمە ٢٣ تەمووزی ٢٠٢٥ لەشاری سنە لە ئێران کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانی "مانا، مەعنەویت و بەرگەگرتن" بە بۆنەی دۆخی دەروونی تاکی کۆمەڵگا پاش شەڕی ١٢ ڕۆژەی ڕژێمی زایوی دژی ئێران و بە ئامادەبوونی ماموستایان "عەلی ئێشرافی" "حەمید مەهدەوی" و "فەرزاد حاجی میرزایی" ، لە لایەن ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری نژیاروان و بە میوانداری خاتوو ئەسرین حسامی بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە ماڵی هیوای خانەنشینان بە ڕێوەچوو.
ماموستا "عەلی ئێشرافی" خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵای ماف، کومەڵناسی، زانستی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی لە دەسپێکی وتارەکەیدا وێڕای دەسخۆشی لە ڕێکخراوەی نژیاروان بۆ ڕێکخستنی وەها کۆڕ و کۆبوونەوەگەلێک ئاماژەی بە شێعریک لە خەیام وەک فیلسووف و زانا و ئەدیبی گەورەی ئێرانی دا، کەوا کاتێک باس لە دڵەڕاوکێ خۆی دەکات، قسە لە "مانا"وە دەکات و دەڵێت؛ "نازانم ئەم هەستییە و ئەم بوونە و ئەم جیهانە بۆچی و لەبەرچی سازکراوە"، ئەمە پیشان ئەدات کە ئەدەبیاتی ئێمە وەکوو ئاوێنەیەکی تەواو قەد و تەواو باڵا، مەعنەویت و حەیرەت و سەرلێشێواوی لە بەرانبەر جیهانی هەستیدا لە خۆ نواندووە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە شاعیرانی کورد دا و گوتی: کاتی سەیری شێعرەکانی نالی و مەحوی و شاعیرانی دیکەی کورد دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە باسی "مانا" لە ئەدەبیاتی کوردیش بەدەر نییە.
ماموستا "عەلی ئیشراقی" باسی دۆخی دەروونی تاکی کۆمەڵگای ئێران پاش شەڕی ١٢ ڕوژەی ئێران و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: کاتێ مانشێتی هەواڵەکان بەتایبەت پاش شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لێک دەدەینەوە دەتوانین بڵین بە شێوەیەکی دڵتەزێن هەموومانی ڕەنجاندووە و کاریگەری بووە لەسەر هەموو لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ناوبراو ئەو دۆخی دەروونییە وەک "ئانۆمیک" یان "قەیران مانایی"(لە پێناسەی کۆمەڵایەتیدا واتا تووشی بەمانا و بێ یاسا بوون، ئەو هەموو یاسا و ڕێسانە کە کۆمەڵگا ڕائەگرێت تووشی داڕمان و لێکترازان دەبێت) وەسف دەکات و دەڵێت: بەپێی ڕوانگەی پەدیدارناسانە یان دیاردەناسانەوە تەنیا ئێمە سەردەمێک دەتوانین بگەینە هاوسەنگی کە لە نێوان ئەو سێ جیهانەی کە تێدا دەژین(جیهانی کۆمەڵایەتی، سرووشتی، بیر و هزر) هاوسەنگی پێک بهێنین، واتا دەبێ هەم لە جیهانی سرووشتی و هەم لە جیهانی کۆمەڵایەتی و هەم لە جیهانی بیر و هزری خۆماندا ئەو هاوسەنگییە پێک بێت کاتێ ئەو هارموونی و هاوسەنگییە پێک هات، ئەوسا "مانا"یش لە ژیاندا پێک دێت و خۆی نیشان ئەدات. کەوا بوو ئێستە ئێمە بە ئاسایی تووشی قەیرانی "مانا"ین. ئەو هەموو کێشە کەوا لە کۆمەڵگای ئێمە و لە سرووشتی ئێمە و لە هزری ئێمەدا بوونی هەیە، ئەو هەموو نەخۆشی دەروونییە، هەموو ئەو خوێندنەوە و هەموو ئەو توێژینەویانە بەو قەناعەتەمان دەگەینێت کە بۆشاییەکی گەورەمان لە هەر سێ جیهانی خۆماندا هەیە، کە لە جیهانی بیر و هزردا لە هەمووی خراپترە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ماموستا "حەمید مەهدەوی" مولانا ناس و توێژەری ئەدەبی و شاعیر وێڕای دەسخۆشی لە خاتوو ئەسرین حسامی گوتی: ئێمە لە دڵی هەر شەڕێکدا دەبێ بەداوی خێردا بگەڕین و خێری تێدا بدوزینەوە و بابەتی "بەرگەگرتن" بە باشترین شێوە پیشان بەین. ناوبرا بەرگەگرتن بە تێکۆشین و ناڕەزایەتی دەربڕین و قوبووڵ نەکردنی دۆخی نالەبار وەسف دەکات و دەڵێت بەرگەگرتن واتا هەوڵ بدەی تا بگەڕیتەوە بۆ دۆخێکی باش، خوازراو و لەبار.
ناوبراو بە چەن خاڵێک کە زانستی عیرفان پێشنیاری کردووە ئاماژەی دا کە دەتوانێک یارمەتیدەر بێت بۆ بەرگەگرتنی مرۆڤ لە کات و ساتە دژوارەکاندا و گەڕانەوەی بۆ دۆخی لەبار و خوازراو، کە یەکێکیان "تێگەیشتن لە جیاوازی نێوان واقیع و حەقیقەت بە گرنگیدان بە بنەمای ڕێژەیی"یە کەواتا کاتێ بۆ تاکێکی کۆمەڵگا قەیران و کێشە و گرفت دێتە پێش لەوانەیە هەمان دۆخ بۆ کەسێکی دیکە قەت وەکوو قەیران نەبێت.
حەمید مەهدەوی لە درێژەدا بە "مەسنەوی مەولەوی" ئاماژەی دا و گوتی؛ تەنیا بەرهەمێکی ئەدەبی کە تێدا تا ڕاەیەک وەک فێرکاری باس لە عیرفان کرابێت و مانای بەرگەگرتنی فێر کردبێت مەسنەویی جەنابی مولانایە و هەروەها چەندین بەیت شێعری لەو شاعیرە گەورە خوێندەوە و بە جوانی شی کردەوە کە چون بە وردی باس لە بابەتی مانا و بەرگەگرتن دەکات.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا فەرزاد حاجی میرزایی دکتۆرای فەلسەفە بەلای خۆیەوە گوتی: کاتێ باسی مانای ژیان دەکەین بە ئاسایی هەر کەسێک وڵامێکی دەبێت، بەتایبەت زۆربەی زۆرمان ئەو مانا لە "ئارامش"دا دەبینین، بەڵام بە پێچەوانەوە باسی مانا لای فەیلسووف زۆر جیاوازە و لای ئەوان ژیان زۆر سەخت و سەخڵەتە و وەکوو سەرکەفتن لە بەرەوژوورایی کێوێک وایە. کەوابوو کاتێ دەمانەوێ بەرو لووتکە سەرکەفین هەر کەسێک دەبێ لە ڕێگا و شوێنی تایبەت بە خۆیەوە بڕوات و ئەو ڕێگا بۆ هەر کەسێک جیاوازە، بۆ ئەوەی تێبگەین بابەتی مانا لە ژیاندا تا چەن گرنگە دەبێ ئاماژە بەینە ڕوانگەی "ئێریک فرۆم" کە دەڵێت: مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی "کار" و "عەشق" ـەوە دەتوانێت بە شێوەی ئەرێنی لەگەڵ ئازادی خۆیدا ڕووبەڕوو بێتەوە، واتا لە ڕێگای کار و هەوڵ و تێکوشانی عاشقانەوە و لە ڕێگەی داهێنانەوە دەتوانین ئازادی خۆمان بسەلمێنین و مانا لە ژیانماندا پێک بهێنین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ماموستا عەلی ئێشراقی ئاماژەی دا؛ ئینسان بۆ ئەوە بە مانا ناگات و تووشی قەیرانی بێ مانایی بووە چونکە درگای پرسیاری داخستووە و پرسیار ناکات و خوی بە زانای تەواو دەزانێت. کۆبوونەوەکە بە پرسیار لە لایەن دانشتوان و وڵام لە لایەن سێ ماموستای ئامادە بووە کۆتایی پێهات.
ئەنجام
مروڤ پێویستی بە مانا هەیە تا بەرگەی قەیران و کێشەکانی ژیان بگرێت و ئەوەی بۆ کەسێک وەکوو قەیران وایە، لەوانیە بۆ کەسێکی دیکە وەک دەرفەت بێت. بەرگەگرتن یان خۆڕاگری واتا گەڕانەوە بۆ خۆت و خۆ دۆزینەوە، مرۆڤ تەنیا بە دوو شت، "عەشق و کار" دەتوانێت ئازادی خۆی بسلمێنێت و مانا لە ژیانیدا پێک بێنێت.
ئامادە کردن: کەژاڵ حەمیدی