زایەڵە - لە مووچەی مانگی تەمموزەوە سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لە 3%  ـی مووچەى بنەڕەتییان بۆ 10 ساڵى رابردوو لێدەبڕدرێت وفەرمانبەران بە سێ ساڵ لێیان وەردەگیرێتەوە بەڵام خانەنشینان بە پێنج ساڵ، ئەم لێبڕینەش لەسەر داواى وەزارەتى دارایی فیدراڵییە بە ئامانجى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینیی یەکگرتووى عێراق ژمارە نۆى ساڵى 2014 یە.

سەرچاوەیەکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، شێوازى لێبڕینى لە 3% لە مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان پەیوەستە بەمووچەى بنەڕەتى فەرمابنەر لەماوەى 10 ساڵى رابردوو، سەرچاوەکە دەڵێت، مووچەى بنەرەتى هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە3% لە سەرجەمى بنەڕەتى دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە.

سەرچاوەکە وتیشى، لێبڕینى لە 3% لە مووچەى فەرمانبەران یەکێکە لە رێکارەکانى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینیی یەکگرتووى عێراق و پێشتر لە هەرێمى کوردستان لە 7% لە مووچەى خانەنشینان دەبڕدرا، بەڵام بەهاتوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ داواکراوە لێبڕینى مووچەش زیادبکرێت لە 7%وە بۆ لە 10% و لە یەکى تەمووزەوە بڕیارى لێبڕینى مووچە جێبەجێدەکرێت.

مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو بڕیار درا مووچەى خانەنشینان هاوتاى خانەنشینانى حکومەتى فیدراڵ بکرێت و سەرەتاى ئەمساڵ بە جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینیی یەکگرتوو لەهەرێمى کوردستان لەدایکبووانى سێ ساڵ پێکەوە خانەنشینکران.