زایەڵە-بەهۆی نادیاری لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ٦ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، مووچەخۆران ئەو مووچەیەی بۆ مانگی ٥ وەریدەگرن، جگە لە دانەوەی قەرزەكانیان، ناوێرن مەسرەفی زیادەی دیكەی لێبكەن.
بەهۆی رێكەوتنێكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم،دواجار حكومەتی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی رەوانەی هەرێمی كوردستان كرد و لە رۆژی هەینییەوە دەست بە دابەشكردنی موچە كراوە و بڕیاریشە ئەمڕۆ یەكشەممە دابەشكردنی مووچە كۆتایی بێت.
هەرچەندە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام گرفتی سەرەكییان نادیاری دابەشكردنی مووچەی حوزەیران واتە مانگی (٦)ە، چونكە ناردنی ئەو مووچەیە پەیوەستە بە ناردنی داهاتی ناوخۆی مانگی ٦ كە بڕەكەی ١٢٠ ملیار دینارە لەلایەن حكومەتی هەرێم،هەروەهارادەستكردنی بڕی نەوتی دیاریكراو لەلایەن حكومەتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ.
بۆیە بەشێكی زۆری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایار، جگە لەوەی دەبێت بەشێكی بدەنەوە بە قەرز، ئەوەی دیكەش لەبەر نادیاری كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ٦، ناوێرن زۆر سەرفی بكەن.