زایەڵە-کاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، هەرچەندە قورسە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فریای پەسەندکردنی یاساکە بکەون ، چونکە  کات ئەوەندە نەماوە، بەڵام ئەگەر  چووە پەرلەمانی عێراق، ئەوا زۆر گرفت  لە یاسای ساڵانی ڕابردوودا هەیە  ئەبێت چارەسەر بکرێت و زۆر ماف هەیە تایبەت بە هەرێمی کوردستان  ئەبێت بەدەست بهێنرێت و کاری لەسەر بکرێت.

وتیشی، ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمان بەهەموو فراکسیۆنەکان بە جددی وەریبگرن ، وە وەزیرەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، هەروەها هەرێمی کوردستان بیکاتە خەمی خۆی و تەنها بیری لای مووچە نەبێت.

هێمای بەوەشکرد،لەوانە بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکانی هەرێمە  و بەشی هەرێم  لە دامەزراندن و ڕاستکردنەوەی  هەڵەکانی ڕابردوو لە پلە بەرزکردنەوە و دەسخستنی بودجەی پەرەپێدان و وەبەرھێنان و بەشە قەرزی نێودەوڵەتی و پشکی لە سندوقەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و ناوچە زیانلێکەوتوەکان و قەرەبووی جینۆساید و هەڵەبجە کە بە یاسا چەسپاوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لەم بابەتەی سەرەوە پێویستە هەموو ناکۆکییەکان وەلا بخرێت و وەک یەک تیم کاری لەسەر بکرێت و ئامادەکاری لە ئێستاوە زەرورە بکرێت بە نوسراو لە پەرلەمانی عیراق و لە هەرێمەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.