زایەڵە - لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا داهاتی نانەوتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، نیو تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووەو ٥۳٦ ملیار و ٥۰٦ ملیۆن دینار بووە. تێکڕای داهاتی هەر مانگێک زیاتر لە ۷٦ ملیار دینار بووە.
بەپێی زانیارییەكان، داهاتی کارەبا لەسەرووی ڕیزبەندی سێکتەرەکانی داهاتەوە بووەو لەو حەوت مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی ۲۰۰ ملیار دینار. کە زیاتر لە سێیەکی داهات بووە. دوا بەدوای کارەبا داهاتی هاتوچۆ زیاتر بووە لە ۱۰۷ ملیار دینار بووە.
بەپێی زانیارییەكان، داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ سێیەم سەرچاوەی داهات بووە لە پارێزگای سلێمانی و لەو حەوت مانگەدا ٥٤ ملیار دینار داهاتی هەبووە. داهاتی دەروازەی پەروێزخانیش ٤۷ ملیار دینار بووە.
داهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی بۆ سێ بەش دابەش بووە و بەشی سەرەکی نەختینەو کاش بووە کە ۳۹۲ ملیار و ۲۱٦ ملیۆن دینار بووە و چەکی بانکی ٦۱ ملیار دینار و مەقاسە و پاکتاو لەگەڵ کۆمپانیاکان ٨۳ ملیار و ۲٨۱ ملیۆن دینار بووە.
داهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی لەڕێگای شەش گەنجینەوە دەگەڕێتەوە بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی. کە بریتین لە گەنجینەکانی یەک و دووی سلێمانی و گەنجینەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ و هەڵەبجە.