زایەڵە ـــ لەگەڵ سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد، داهێنانی مرۆڤ لە نووسین و زماندا ڕێگایەکی نوێی دۆزیوەتەوە.
لەم ساڵانەی دواییەدا، پێشکەوتنی بەرچاوی ژیری دەستکرد گۆڕانکاری گەورەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەدی هێناوە. یەکێک لەو بوارانەی کە ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەری لەسەر داناوە دنیای ئەدەب و نووسینە.
ئێستا ڕۆبۆت و ئەلگۆریتمی زیرەک توانای نووسینی چیرۆک و وتنی شیعر و تەنانەت لاسایی کردنەوەی ستایلی نووسەرە مەزنەکانیشی هەیە. ئەمە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت؛ ئایا داهێنان و نووسینی مرۆڤ لەگەڵ سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد کۆتایی پێهاتووە؟
ژیری دەستکرد لەسەر بنەمای شیکردنەوەی داتای بەربڵاو و ئەلگۆریتمی ئاڵۆز، دەق بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لەم پرۆسەیەدا، ئەوەی لاسایی ناکرێتەوە، قووڵایی هەست، ئەزموونی ژیان و خەیاڵی مرۆڤە، هەمان ئەو شتانەی کەوا ئەدەب زیندوو و کاریگەر دەکەن. هەر پارچە نووسینێک ڕەنگدانەوەی ناخی نووسەرە. ئازارەکان، خۆشیەکان، عەشق و خۆشەویستی و خەون و خەیاڵەکان کە تەنها مرۆڤ دەتوانێت لێی تێبگات و دەری ببڕێت.
لە کاتێکدا کە ژیری دەستکرد توانایی پێکهێنان و نوسینی دەقێکی پێکەوە گرێدراو و ڕەوانی هەیە، بەڵام توانای دروستکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزی لەگەڵ بەردەنگدا نییە. ئەم جیاوازییە زیاتر جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی دەنگی مرۆڤ لە ئەدەبدا دەکاتەوە.
نووسەران دەبێت پێگەی خۆیان لەم سەردەمە نوێیەدا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕەسەنایەتی و ئەزموونی تاکە کەسیی و داهێنانی بێهاوتا بپارێزن.
ژیری دەستکرد دەتوانێت وەک ئامرازێک پاڵپشتی لە نووسەران بکات. دەتوانێت بیرۆکەیان بۆ دابین بکات، پێکهاتەی دەقەکەیان باشتر و بەهێزتر بکات، یان یارمەتی دەستکاریکردنیان بدات، بەڵام ناتوانێت جێگەی ئەو گیان و ڕۆحە بگرێتەوە کە تەنها مرۆڤ دەتوانێت بە وشەکان بیبەخشێت.
نووسەران و ژیری دەستکرد؛ هاوکاری یان پێشبڕکێ؟
هەندێک نووسەری هاوچەرخ زیرەکی دەستکرد وەک یاریدەدەرێکی داهێنەر بەکاردەهێنن. ئەوان ئامرازەکانی ژیری دەستکرد بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکەی نوێ، فراوانکردنی چیرۆکەکان، یان پوختەکردنی نووسینەکانیان، بەکار دەهێنن، ئەم هاوکارییە بەڵێنی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە نووسیندا دەدات، بەڵام لەم بوارەدا نیگەرانیش بوونی هەیە. بۆ نموونە، ئەگەری کەمکردنەوەی بەهای کاری نووسەران یان جێگرتنەوەی تەواویان بە ژیری دەستکرد.
بەرەنگاری ئەخلاقی لە نووسیندا بە یارمەتی ژیری دەستکرد
یەکێک لە ئاستەنگە گرنگەکان لەبواری نووسین بە یارمەتی ژیری دەستکرد، کێشەی ڕەسەنایەتی و خاوەندارێتی بەرهەمەکانە. کاتێک زیرەکی دەستکرد بەشێک لە دەق بەرهەم دەهێنێت، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە مافی نووسین هی کێیە؟ هەروەها مەترسی بەرهەمهێنانی بابەتی دووبارەکراو یان بێ بیرۆکەی قووڵ لە ئارادایە کە دەبێتە هۆی دابەزینی کوالێتی ئەدەبیات.
لە کۆتاییدا ئەدەبی ڕاست و پاک هێشتا موڵکی مرۆڤە و هەرچەندە ژیری دەستکرد پێشکەوتوو بێت ناتوانێت ئەم ڕاستییە بگۆڕێت و ژیری دەستکرد تەنیا ئامراز و تەکنەلۆژیایە، نەک ڕۆح و هەست.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی