زایەڵە-ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی و ئەو هاووڵاتییانەی کە فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، بەشەخۆراکەکەیان دەبڕدرێت ئەگەر وادەکە درێژ نەکرێتەوە.

بە پێی ئەو وادەیەی کە چەند جارێک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە درێژکراوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە.

پێشتر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندبوو، %78ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان پڕکردووەتەوە.

لای خۆشیەوە سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسووڵەی هەولێر ڕایگەیاند تا ئێستا 1.6 ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی کوردستان فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی مانگانەیان پڕکردووەتەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە هێشتا 700 هەزار هاووڵاتی فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە.

لە قۆناغی ئایندەدا، خزمەتگوزاریی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی بێ بەرامبەر نامێنێت و بە بڕێک پارە ئەنجامدەدرێت، بۆ هەر یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی نزیکەی 10 هەزار دینار وەردەگیرێت و پارەکەش بۆ بەغداد دەنێردرێت.