زایەڵە - نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەڵەبجەو بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە و شاندێكی یاوەری لە دیوانی پارێزگا، پڕۆژەی ستراتیژی دروستکردنی پردی تەنگی سەید محمدیان لەسەر ڕووباری سیروان لەناوچەی گەشتیاری نەوڕۆڵی لە پارێزگای هەڵەبجە بەسەركردەوە.
لە میانەی سەردانەکەیاندا، پارێزگاری هەڵەبجە لە نزیکەوە کارەکانی پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوەو لەلایەن ستافی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکارەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا، و شێوازی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەكەی لە نزیکەوە بەسەرکردەوە، لە کۆتاییدا پارێزگاری هەڵەبجە بەڵێنی پاڵپشتی و پشتگیری خۆی بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دەربڕی بۆ نەهێشتنی لەمپەرم و گرفتەكانی بەردەم پڕۆژەکەو هەرچی زووتر تەواوبوونی و خستنە خزمەتی هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە.
شایەنی ئاماژە پێكردنە،پڕۆژەی تەنگی سەید محمد یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەیە، بە تەواو بوونی دەبێتە هۆی پێكەوە بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان و ناوەڕاستی عێراق بە هەڵەبجەوە و بەستنەوەی ناحیەی بەمۆ و قەزای دەربەندیخان و ناوچەی تاوگۆزی بە پارێزگای هەڵەبجەوە، ڕاستەوخۆ هەڵەبجە دەبێتە ڕێڕەوێكی بازرگانی گرنگ و بوژانەوەی پارێزگای هەڵەبجە لەڕووی ئابوری و گەشتیاری و ژینگەی و ئاژەڵداری و کشتوکاڵی و کلتوری و کۆمەڵایەتی.
پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای بێشكانەوە جێبەجێ دەكرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە سەرپەرشتی دەکات، بودجەی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە.