زایەڵە- هێمن غازی مامۆستای زانکۆ لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، تورکیا بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و قەیرانی کەم ئاوی لە عێراق چەندین بەنداوی لەچوارچێوەی پرۆژەی گاپ دا دروست کردووە، دیارترینیان بەنداوی ئەلیسو " Ilisu Dam" کە یەكێكە لە 22 بەنداوەکەی پڕۆژەکەی گاپ، كەئامانج لێی بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆلیكی و كۆنتڕۆڵكردنی لافاو و گڵدانەوەی ئاوە.  عێراق پشت بەئاوی دیجلە و فورات دەبەستێ و سەرچاوەی هەردووئاوەکەش ووڵاتی تورکیایە، بەمەش هەمیشە لەژێر قوربانی یەک بڕیاری نامرۆڤانە و دژ بە یاسا نێودەڵەتییەکاندایە و کەی بیەوێت ئاو دەگرێتەوەو قەیرانی کەم ئاوی بۆ عێراق دروست دەکات.

وتیشی، سیادەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەوپەڕی لاوازیدایە و ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێی سیاسی و بەهەدەرنانی سامانی ووڵاتن، ئەوەندە دەوڵەتێکی بەهێزو خاوەن ستراتیژیەتی ڕووبەڕوو بونەوەی دەرفەت و ئاڵەنگارییەکان نەبووە، بە تایبەت بەرامبەر تورکیا، کە ووڵاتێکی بەهێزی ناوچەکەو ئەندامی ناتۆیە. مێژوو شایەتی ئەوەمان بۆ ئەدات کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوودا تورکیا بڕیاری گرتنەوەی ئاوی دیجلەی دا، بەڵام سەدام حسێن چووە سەر ئاوەکەو تەحەدای ووڵاتی تورکیای کرد گەر یەک دڵۆپ ئاو بگرێتەوە ئەوا تورکیا وێران دەکات، بۆیە بەم ئیرادەو هێزەوە ئەتوانی ڕووبەروی ووڵاتێکی وەک تورکیا ببیتەوە.

هێمای بەوەشکرد، بێگومان کەم ئاوی کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ئێستاو ئایندەی ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت و لێکەوتەکانی بەجۆرێک دەبن کە ووڵات بەرەوهەڵدێردەبات، قەیرانی جۆراوجۆر دروست دەبێت و بەگشتی ژینگە بەجۆرێک تێک دەچێت کەدیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دواجار مەترسی لەسەر ژیانی تاکی عێراق دروست دەکات.