زایەڵە - لە چەند رۆژی رابردوو گفتوگۆی توند لە نێوان بەرپرسانی عێراق و هەرێم بەڕێوەچووەو تا ڕاددەیەك چارەسەركردنی كێشەكان گەیشتووەتە بنبەست.

حكومەتی هەرێم به‌ بیانووى به‌زاندنى سنوورى یاسایى و ده‌ستوورى، رێگه‌ى نه‌دا لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی هەرێم سه‌ردانى هەولێر بكات. ئەو لیژنه‌یە ده‌یویست کە لێکۆڵینەوە بکات لە كۆى داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوو.

بیانووی هەرێم ئەوەیە كە كارەكانی ئەو لیژنەیە بە پێچەوانەی دەستورە و ڕێگە بە كارێكی نادەستووری نادەن. بیانوی عێراقیش ئەوەیە ئەوان كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان حكومه‌تى به‌غداو هه‌رێمى كوردستان بڕیار بووە یه‌كێك له‌و لیژنانه‌ى پێكده‌هێنرێت تایبه‌ت بێت به‌ لێكۆڵینەوە لە داهاتى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام دوای دروستكردنى ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كە، لەلایەن هەرێمەوە ڕێگری لە كارەكانی كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو لیژنەیەی حكومه‌تى عێراق، لیژنه‌یه‌كى 30 كه‌سى بووەو بڕیاربووە بە مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبینى له‌ كۆى داهاتى ناوخۆ له‌ماوه‌ى ساڵانى رابردوو تاوه‌كو ئێستا بێنە شاری هەولێر، بەڵام كاتێك ئامانجەكەیان زانراوە بەبڕیارێكی مەسرور بارزانی ڕێگری لە هاتنیان كراوە.

حكومەتی عێراق پلانەكەی بەو شێوەیە بووە كە ئەو لیژنەیە دەستنیشانی داهاتی فعلی هەرێمی كوردستان بكات لە ئێستادا، هەروەها لێكۆڵینەوەی وردیش لە داهاتی ساڵانی ڕابردوو بكات.

دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رنامه‌ى لیژنه‌كەى عێراقى زانیوه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ بكرێت. بیانووى هه‌رێمیش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ولیژنه‌ هاوبه‌شه‌ بۆیان نییه‌ سنوورى ده‌سه‌ڵاته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ببه‌زێنن و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌  ده‌ستوورى عێراق ده‌ربچن. به‌و پێیه‌ى ئه‌و لیژنه‌کە ته‌نها بۆى هه‌یه‌ وردبینى له‌ داهاتى نا نه‌وتى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان بكات نه‌ك ساڵانى رابردووه‌.

بەپێی زانیارییه‌كان، ره‌تكردنه‌وه‌ى كاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌ 30 كه‌سییه‌ى به‌غدا به‌و شێوه‌ كاركردنه‌ى ئێستا له‌ لایه‌ن خودى مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه‌.

یەكێكی دیكە لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بابەتی داهاتی ناوخۆییەو لەو بارەوە بۆچوونی جیاواز لە نێوان هەرێم و عێراق هەیە.

بۆچونە جیاوازەكە ئەوەیە كە حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و داهاته‌ ناوخۆییانه‌ى هه‌رێمى كوردستان راده‌ستى به‌غدا بكات كه‌ به‌هۆى ئەو یاسا و رێنمایانه‌ وه‌رده‌گیرین كه‌ له‌ لایه‌ن په‌ڕله‌مانى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریان لەبارەوە دراوە.

وه‌زیرى دارایى و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، لە دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، سه‌رجه‌م داهاته‌ ناوخۆییه‌كان و داهاتى نا نه‌وتى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ پۆلێن به‌ند كردووە. به‌شێك له‌و داهاته‌ش به‌پێى یاساو رێنماییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان وه‌رده‌گیرێن و له‌ به‌غدا وەرناگیرێن.

هەرێم دەیەوێت تەنیا داهاتە فیدڕاڵییەكان لە داهاتی ناوخۆ رادەستی عێراق بكاتەوەو عێراقیش دەیەوێـت لە كۆی داهاتی ناوخۆیی نیوەی داهاتی رادەست بكرێت. ئەم كێشەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لە ناوەڕۆكی یاسایى ئیداره‌ى مالییه‌ى به‌غدا به‌و پێیه‌ى ئەوە روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كامه‌ جۆر داهاتى ناوخۆیى بۆ حكومه‌تى فیدڕاڵى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

بۆیە هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌نییه‌ ئه‌و داهاتانه‌ى كه‌ به‌پێى یاساكانى په‌رله‌مانى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌رده‌گیرێت راده‌ستى به‌غدا بكات. به‌و پێیه‌ى ئه‌و جۆره‌ داهاته‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا بوونیان نییە.

كێشەیەكی دیكە كە بووەتە هۆی نیگەرانی و توڕەیی بەرپرسانی هەرێم بابەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمە بە شێوەی قاچاخ. لەسەر ئەم بابەتە ناکۆکی قوڵ کەوتووەتە نێو لیژنە هاوبەشەکەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا. بەتایبەت حکومەتی هەرێم لەوە نیگەرانە كە لیژنەکە بەبێ واژووی ئەندامە کوردەکان ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە حكومەتی عێراق کردووە.

كێشە و گرفتەكان لەو كاتە زیاتر بوون كە ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ حكومى و ته‌كنیكى و هونه‌رییه‌ى كه‌ له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا هەیە له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا بە تایبەت لە بابەتەكانی پەیوەست بە پرسه‌ داراییه‌كان و نه‌وت، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانى كوردى لیژنه‌كه،‌ راپۆرتى خۆیان بۆ به‌غدا به‌رزكردۆته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى لاى هه‌رێمى كوردستان دروست كردووه‌.

بۆیە ئه‌و راپۆرته‌ى بۆ به‌غدا به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، بۆچوونى ئه‌ندامانى شاندى هه‌رێمی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ تێدا نییه‌، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌بووه‌.

لە دەرەنجامی بەردەوامی ئەو كێشەو گرفتانە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حیزبی یەكەمی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە ئەگەر كێشەكان هەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پارتى ئاماده‌كارى ته‌واوى كردووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق. تەنانەت ناوى كاندیده‌كانیشى پێشكه‌شى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا له‌باره‌ى پرسەكانی تایبەت بە دارایى و نه‌وت تاوه‌كو كۆتایى ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن به‌غدا گه‌ره‌نتى نه‌كرێت، ئه‌وا به‌ ئه‌گه‌رێكى زۆر پارتى بایكۆتى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات.