زایەڵە - ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان، رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا 25 هەزار و 807 کەس وەکو زیندانیی سیاسی لە وەزارەتەکەمان مامەڵەیان بۆ کراوە، بەڵام تەنیا 5 هەزار و 216 کەسیان لە قۆناخەکانی سەرەتا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سوودمەند بوون، کە ئێستا تەنیا 1,610 کەسیان مینحەیان بەردەوامە."
بەگوێرەی زانیارییەکان لە ساڵانی رابردوو بە 8 بەش ناوی زیاتر لە 5 هەزار زیندانیی سیاسی گەڕاونەتەوە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لە چارەنووسی ئەو 20 هەزار و 591 کەسەدا خۆی دەبینێتەوە کە وەک مام رەسوڵ دەڵێت، "لە 23-12-2013وە، واتە نزیکەی 12 ساڵە، هەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان تەواو بووە و ئامادەیە بۆ خەرجکردن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ تەرخان نەکراوە."
بڕی بودجەی پێویست بۆ خەرجکردنی مینحەی ئەو توێژە، مانگانە بڕی 8 ملیار و 400 ملیۆن دینارە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی شەهیدان وتی، "لە کۆتایی ساڵی 2024دا لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەمان دیاریکردبوو، بەڵام رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو بابەتەی راگرت.
بۆیە ئێستا تاکە هیوامان ئەوەیە کە لە یاسای بودجەی 2026ی عێراقدا ئەم مافە بۆ زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بچەسپێندرێت."