زایەڵە - دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغداد، بۆتە کەرەستەیەکی باشی ژمارەیەک کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە بەهۆیەوە سەرنجی خەڵکیان بۆ خۆیان راکێشاوە.
ماوەی دوو مانگی تەواوە دواکەوتنی مووچه و گفتوگۆی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەئارادایە، بەڵام تەنها مووچەی مانگی پێنج دابەشکراوە و تائێستا هەرێم و بەغداد نەگەیشتونەتە رێکەوتنی کۆتایی.
دروستبوونی ئەم کێشەیە بۆتە چانس وکەرەستەیەکی باشی بانگەشەی پێشوەحتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ژمارەیەک کاندیدی ئۆپۆزسیۆن تا بتوانن ئاستی جەماوەریی خۆیان پێ بەرز بکەنەوە.
هەریەک لە عەلی حەمەساڵح، غالیب محەمەد، رێبوار کەریم مەحمود،کاندیدانی ڕەوتی هەڵوێست،موسەننائەمین،شێرکۆجەودەت،یەککرتووی ئیسلامی،ئەحمەد حاجی رەشید، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دیارترین کاندیدانی ئۆپۆزسیۆنن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە توانیویانە دواکەوتنی مووچە و کێشەکانی هەرێم و بەغداد بکەنە کەرەستەی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن.
چانسێکی دیکەی ئەو کاندیدانه لەوەدایە بێ متمانەییەکی زۆر لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقدا هەیە کە ئەو رێکەوتنانەی واژووی دەکەن جێبەجێی ناکەن، هەر بۆیە ئەو کاندیدانە قسە لەسەر پێچەوانەی ئەو رێکەوتنانە دەکەن و تێیدا بە پلەی یەکەم حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی رێکەوتنەکان، بەشێکی زۆری خەڵکیش، متمانەی زیاتریان بە قسەی ئەو کاندیدانەیە.
بڕیاره رۆژی ١١ی ١١ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەڵام نازانرێت تا ئەو کاتە ئاسۆی چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغداد بەرەو کوێ دەڕۆن و ئەو کاندیدانەش دەتوانن لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بە دەست بهێنن یان نا.