زایەڵە - ڕوانگەی ئابوری (ئیکۆ عێراق) ئهمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا 200 هەزار بەرمیل تێپەڕاندوە، ئەوەش دوای نههێشتنی كاریگهری هێرشه درۆنییهكانی مانگی ڕابردو كه كرایه سهر كێڵگه نهوتییهكان.
ڕوانگەی ئابوری (ئیکۆ عێراق) لە بەیاننامەیەکدا باسی لهوهكردوه، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی كوردستان کە بۆردومان کراون، گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەشیان بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل زیادیکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دیارترین كێڵگهكانی بەرهەمهێنانی نهوت له ههرێمی كوردستان بریتین لە: شێخان، تاوکێ، بشکابیر، خورمەڵە و سەرسهنگ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوه، هەرێم و بەغدا تا ئێستا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی ناکۆکی لەسەر کرێی ئەو کۆمپانیایانە کە لە هەرێمدا کاردەکەن، چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێویستی بە کۆبونەوەی سێ لایەنی پەیوەندیدار هەیە یان خەرجکردنی کرێی کۆمپانیاکان، کە حکومەتی فیدڕاڵی ڕەتیدەکاتەوە.
ڕوانگەی ئابوری (ئیکۆ عێراق) هۆشداریداوە لهوهی کە بەردەوامبونی کێشەکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕابگرێت، ڕاگرتنی بهرههمهێنانی نهوتیشی به "ڕێکارێکی ناڕەوا" وەسف کرد و جەختی لەوەکردەوە کە پەرلەمانی عێراق بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسیارێتی دەرنەکردنی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی کەرتی نەوت و غازی وڵاتەکەی لە ئەستۆدایە.