زایەڵە-وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ئه‌مڕۆ شەممە ڕەتیکردەوە نرخی بلیتەکانی نێوان عێراق و لوبنان بەرزکرابێتەوە، ده‌ڵێت، نرخی بلیت لە نێوان عێراق و بەیروت تەنها 471 هەزار دیناری عێراقییە، نەک ئەو بانگەشەیەی کە ده‌وترێت نرخی بلیتەکە گەیشتوەتە 505 دۆلاری ئەمریکی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئەوەی لە هەندێک سایتی سۆشیال میدیا سەبارەت بە نرخی بلیت لە نێوان عێراق و لوبنان بڵاوبوەتەوە، درۆیە، ئەو زانیاریانەی بڵاودەبنەوە نادروستن و لەسەر بنەمای سەرچاوەیەکی فەرمی نییە".

"نرخی فەرمی و پەسەندکراوی گەشتێکی هاتوچۆ لە نێوان عێراق و بەیروت تەنها 471 هەزار دیناری عێراقییە، نەک ئەو بانگەشەیەی کە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و گوایه‌ نرخی بلیتەکە گەیشتوەتە 505 دۆلاری ئەمریکی".