زایەڵە - پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، لە یاسای بودجەدا ئەوەهاتووە كە دەبێت هەرێم 400 هەزاربەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام بەهۆی سەردانەی سەرۆكی یەكیتییەوە ئەو بڕە بۆ 230 هەزار بەرمیل كەمكرایەوە.

لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، د.بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێرا ق لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند: لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەند پێویستی بە هەنگاوی كرداریی هەیە و پێویستە هەردوو لایەن پابەندییەكانیان جێبەجێ بكەن، بەتایبەت هەرێم كە پابەندییەكانی كەمە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە یاسای بوودجەدا هاتووە، كە پێویستە هەرێمی كوردستان 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە هەناردە بكات، بەڵام لە هەنگاوەكانی دواتر و سەردانەكانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بۆ بەغدا، بڕەكەی بۆ 230 هەزار بەرمیل كەمكرایەوە، ئێستاش باس لەوە دەكرێت توانای بەرهەمهێنان نزیكەی 130 هەزار بەرمیلە، كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێم و 80 هەزار بەرمیلی رۆژانەشی بۆ عیراق دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی وتووە، پێویستە لەسەر هەرێم و بەغدا ئەم كێشەیە لەچوارچێوەی ژمارەكاندا نەهێڵنەوە و هەنگاوی كرداری بنێن و هەردوولا پابەندبن بەتایبەت هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتی رەوانە بكات و دەست بەهەناردەكردنی نەوتەكەی بكاتەوە، بۆ ئەوەی  مووچەخۆران و هاووڵاتیانیش دووچاری ئەم گرفتانە نەبنەوە.