زایەڵە - ئەحمەد ئیسماعیل بە دامەزراندنی چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا كۆنتڕۆڵی كارەبای بەغدای پایتەختی عێراق دەكات.
رۆژی 11ی ئاب، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری کارەبای عێراق و ئەحمەد ئیسماعیل وەبەرهێنەر و سەرمایەداری ناسراوی کورد پڕۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای بەسمایەی لە بەغدا کردەوە.
وێستگەی کارەبای بەسمایە، لە باشوری ڕۆژهەڵاتی بەغدا لەلایەن وەبەرهێنەری کورد ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی خاوەنی کۆمپانیای ماس بنیات نراوە. گەورەترین وێستگەی کارەبای عێراق و یەکێک لە وێستگە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
وێستگەکە لە ئێستادا فراوانکراوەو توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مێگاوات کارەبای هەیە. کە زیاترە لەو کارەبایەی لە سەرجەم وێستگەکانی هەرێم بەرهەم دەهێنرێت.
وێستگەی بەسمایە، وێستگەیەکی غازی و کۆمباین سایکڵە. لە ئێرانەوە غازی بۆ دەهێنرێت. بەڵام دوای قەدەغەی هاوردەكردنی غازی ئێران بەبۆڕییەکانی ئێران غازی لە تورکمانستانەوە بۆ دەهێنرێت. ئەو وێستگەیە سەرچاوەی سەرەکی کارەبای بەغدای پایتەختی عێراقە کە نزیکەی نۆ ملیۆن هاوڵاتی تێدا دەژی.
کۆمپانیای ماس جگە لەوەی لەڕێگای وێستگەی بەسمایە کۆنترۆڵی کارەبای بەغدای لەژێر دەستدایە، لە هەرێم خاوەنی وێستگەکانی هەولێر و چەمچەماڵە. كە هەریەکەیان توانای هەزار و ٥۰۰ مێگاوات و وێستگەی دهۆکە بەتوانای هەزار مێگاوات.
کۆمپانیای ماس، خاوەنی نیوەی ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمە و بەگشتی لەعێراق توانای بەرهەمهێنانی نۆ هەزار مێگاوات کارەبای هەیە کە نزیکەی سێیەکی هەموو کارەبای عێراقە.
ئەحمەد ئیسماعیل جگە لە عێراق و هەرێم لە وڵاتانی ئوردن و ڕۆمانیا خاوەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە.