زایەڵە-زیاتر لە مانگێكە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە بەهای 340 ملیار دینار زیاتر لە 400 هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی حكومەتی عێراق كردووە بەلام تا ئێستا عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ پارەی گەنمی ئەو جوتیارانە نەناردووە.

هەڵكەوت محەممەد، وتەبێژی گشتیی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان ڕایگەیاند: نزیكەی مانگێك بەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ جووتیاران خەرج نەكراوە و جووتیاران تا ئەمڕۆ چاوەڕوانی پارەن و حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم ساڵ حكومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێك وەرگرت، كە بەهاكەی 340 ملیار دینارە، پشكی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاكانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، پشكی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆكیش نزیكەی 118 هەزار تۆن بوو.

 نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون ئەوەی ڕاگەیاندووە: تا ئەمڕۆ هیچ بڕە پارەیەك بۆ جووتیاران نەنێردراوە و نازانین كەی دەنێردرێت، هاوكات لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق پارە دابەشكراوە.