زایەڵە -لە چەندین ساڵی ڕابردوو کۆبونەوەی زبڵ و خاشاک، تەنگی بە کەرکوک هەڵچنیبوو. جگە لە هەزار تۆن زبڵی ڕۆژانە، لە چەندین شوێنی شارەکە زبڵ و خاشاکی کۆن کەڵەکە ببوو بەجۆرێک هەندێ شوێنی شارەکە لە زبڵخانەیەکی گەورە دەچوو.

ئەو دۆخە سەری کێشابوو، بۆ بازرگانی کردن بە زبڵ و خاشاکەوە بەجۆرێک دەیان ئۆتۆمبێل و عەرەبانە لە گەڕەکەکاندا پەیدا ببوون، بەپارە زبڵ و خاشاکی ماڵانیان دەگواستەوە. بەبێ چارەسەرکردن و داپۆشین لەناو گەڕەکەکان دووریان دەخستەوە. بەم هۆیەوە لە چۆڵەوانی و ناوچەکانی قەراغ شار دەیان زبڵخانەیان دروست کردبوو و کێشەی زبڵ و خاشاک لەلایەن کەسانێکەوە بازرگانی پێوە دەکراو گەڕەکەکان لە نێوان چەند کەسێکدا دابەشکرابوو كە لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرا.

ئیدارەی پێشووی کەرکوک چەندین گەڕەکی شارەکەی لە پلانی پاککردنەوە بێبەش کردبوو. جگە لەوەی بەهۆی سنورداری توانای ئامێرەکانی حکومەت و شارەوانی نەدەتوانرا هەموو خاشاکی کەرکوک ڕۆژانە پاک بکرێتەوە. ئەوەش کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکی لێ دەکەوتەوەو سیمایەکی ناشرینی بە کەرکوک دابوو جگە لە زیانی زۆری تەندروستی.

لەگەڵ دەست بەکاربوونی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک، وەک بەڵێنی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە سەرەتاوە پلانێک دانرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و خاشاک. لە ڕێگای دوو کۆمپانیاوە تەواوی کەرکوک لە خاشاک پاک دەکرێتەوە. چەند مانگی سەرەتای پاک کردنەوە جگە لە کۆکردنەوەی خاشاکی ڕۆژانە سەدان هەزار تۆن خاشاکی کەڵەکەبووی ساڵانی ڕابردوو لەکەرکوک دوور خرانەوەو زبڵی شارەکە دوور خرایەوە بۆ ناوچەیەکی دوورە دەستی نێوان ناحیەکانی تازەو لەیلان بۆ چارەسەرکردن و داپۆشینی.

لەسەرەتاوە لە باوەڕی کەسدا نەبوو زبڵ و خاشاکی کەڵەکەبووی چەند ساڵە کۆنترۆڵ بکرێت و ڕۆژێک بێت ئۆتۆمبیلەکانی کۆکردنەوەی خاشاک بەهەموو کۆڵانێکی شارەکە بگات. بەهۆی ئەو دۆخەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ دروست بوو بوو.

سەرەتای هەڵمەتی پاککردنەوە هەزاران تۆن زبڵ و خاشاک لە چواردەوری کەرکوک لادران. سەدان زبڵخانە لە ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک نەهێڵدران و پاک کرانەوەو هەزاران حاویەی زبڵ و خاشاک لە بازاڕ و سەر شەقامەکان دانران و سەدان ئۆتۆمبێل ڕۆژانە بەهەموو شاردا دەگەڕێن و نزیکەی هەزار و ۲٥۰ تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە.

پاککردنەوەی کەرکوک جگە لەوەی سیمایەکی جوانی بەشارەکە بەخشیووە لەڕووی تەندروستی و ژینگەییەوە مەترسیەکانی زبڵ و خاشاکی لەسەر شارەکە نەهێستووە و لەساڵانی ڕابردوو دیاردەی ئاگرکەوتنەوە و دوکەڵی زۆر لە زبڵدان و خاشاکی کەڵەکەبوو دیاردەیەکی ڕۆژانە بوو، بەڵام لە ماوەی کەمتر لەساڵێکدا کەرکوک بەجۆرێک پاک کرایەوە پێش ۱٤ پارێزگای عێراق کەوتووە و یەکێکە لەخاوێنترین شارەکانی عێراق.