ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەیهكدا دەنگی دا لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی ڕۆژی پێنج شەممە دەنگی لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دا.
ئازاد محەممەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئامانج لە دەرکردنی بڕیارەکە بۆ ئەوەیە کە حکومەتی عێراق لە ڕووی یاساییەوە دەست بە مامەڵەکردن لە گەڵ پارێزگای هەڵەبجە بکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و بودجە و پرۆژەی ستراتیژی بۆ ئەم پارێزگایە جێبەجێ بکات.
ناوبراو سەبارەت بە ئامادەنەبوونی پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆبوونەوەکەدا وتی کە بەشدارینەکردنی ئەوان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
هەڵەبجە ساڵی 1999 لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری بەپارێزگابوونی بۆ دەرکرا. پاش 22 ساڵ تێپەڕبوون بە سەر بڕیارەکەی پەرلەمان، هەڵەبجە بە ناو کراوەتە پارێزگا بەڵام هێشتا زۆرێک لە فەرمانگەکانی پارێزگا لە هەڵەبجەدا بوونیان نییە.
کامەران کەریم