وەزیری دەرەوەی سعودییە: برایەتی و دراوسێیەتی لەگەڵ ئێران کۆمان دەکاتەوە

(0) / / جهان / زایەڵە سەعوددی ئێران فەیسەڵ فەرحان


Jun 17, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - فەیسەڵ فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لە تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، بانگهێشتنامەیەکی لە شا سەلمان عەبدولعەزیز پاشای وڵاتەکەیەوە دەگەیەنێتە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران تاکو بەفەرمی سەردانی سعودییە بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی پەکینی نێوانیان بۆ گێڕانەوەی پەیوەندیە دبلۆماسییەکان گفتوگۆیان کردووە.

وتیشی، "برایەتی و دراوسێیەتی لەگەڵ ئێران کۆمان دەکاتەوە".

فەیسەڵ فەرحان ئاشکرای کرد، بە لایەنی ئێرانی راگەیاندووە هاوکاری هاوبەش هەبێت لە بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و رێزی یەکتر بگیرێت و دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هیچ وڵاتێک نەکرێت.

لە لایەن خۆیەوە، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ سعودییە رێککەوتوون بۆ پتەوتر کردنی پەیوەندییەکان لە چەند بوارێکی جیاوازدا.

باسی لەوەش کرد، ئێران و سعودییە کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە ناوچەکە و پشتیوانی کردنی گەشەسەندنی ئابووری.

دەشڵێت، "لەگەڵ فەیسەڵ فەرحان لە بارەی دۆخی ئاسایشی هەرێمی لە ناوچەکەدا گفتوگۆمان کرد".

ئەمە لە کاتێکدایە، شەممە فەیسەڵ فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە لەسەر بانگهێشتی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران بۆ تاوتوێ کردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵات.

ئاژانسى هەواڵى فارس بڵاوى کردەوە، بانگهێشتەکە دواى زنجیرەیەک دیدار و رێککەوتن دێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە ئەنجامەکەى کردنەوەى باڵیۆزخانەى هەردولایە لە تاران و ریاز.