مەرگی گوماناوی دوو کەس لە کاتی نەشتەرگەریی لیپۆساکشێن لە نەخۆشخانەی بێستوونی کرماشان

(0) / / راپورت / زایەڵە بێستوون کرماشان کوردستان لیپۆساکشێن


Apr 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە – ڕۆژی ڕابردوو کچێکی لاوی خەڵکی گیلانی غەرب کە خوێندکاری بەشی پزشیکی بووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لیپۆساکشێن سەردانی نەخۆشخانەی بێستوون لە کرماشان دەکات، بەڵام گیانی لەدەستداوە و وەک باس دەکرێت بەهۆی هەڵەی پزیشکیەوە بووە.

هەروەها ڕۆژنامەی باختەر لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە حەوتەی ڕابردوو خاتوونێکی ٤١ ساڵان لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لیپۆساکشێن لە نەخۆشخانەی بێستوون کە نەخۆشخانەیێکی کەرتی تایبەتە، گیانی لەدەستداوە.

لێکۆڵینەوەکان لەمەڕ هۆکاری مەرگی گوماناویی لە کاتی نەشتەرگەریی لیپۆساکشێن لە نەخۆشخانەی بێستوون بەردەوامە.

مەرگ لە ئەنجامی نەشتەرگەریی لیپۆساکشێن یەک لە پێنج هەزارە.

دەزگای میدیایی زایەڵە وکوو ئەرکی پیشەیی ڕۆژنامەوانی و لەسەر داوای ژمارەێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەریی پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی بێستوون دەکەن، بە دوای ئەم بابەتە دەڕوات و زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەم دۆسیانە بڵاودەکاتەوە.

شیاوی ئاماژەیە؛ نەخۆشخانەی بێستوون لە کرماشان ساڵی ڕابردووش (١٤٠٢ی هەتاوی) قوربانی بوونی بنەماڵەیێک لە ئەنجامی هەڵەی پزیشکی بەخۆوە بینی.

کچێکی تەمەن ١٠ ساڵان بە ناوی بەهار کە بۆ نەشتەرگەریی ئاسایی چاو سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە کردبوو، بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە چووە کۆماوە و باوکی ٤٢ ساڵانی لە خەفەتدا گیانی لەدەستدا.

دۆسیەی بەهار کە تازە لە کۆماوە هاتۆتەوە، بەڵام هیچ توانایەکی لە ڕووی جەستەیەوە بۆ ژیان نەماوە و تەنانەت ناتوانێ قسەش بکات، دوی شەش مانگ لە دادگا یەکلایی بووە و بە ٩٥لەسەد هەڵەوە، نەخۆشخانەی بێستوون تاوانبار کرا.

لە بڕیارەکەی دادگادا ئاماژە بەوە دراوە کە ٣٥ لەسەد هەڵەی سەرۆکی نەخۆشخانە، ٣٠لەسەد هەڵەی پزیشکی بێهۆشی، ٢٥ لەسەد نەشتەرگەر و ٥ لەسەد هەڵەی کادیری ژووری نەشتەرگەریی، هۆکاری چوونە کۆمای بەهار بووە.

بەمزووانە ڕاپۆرت و هەواڵی زیاتر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و هەروەها بەرپرسانی نەخۆشخانەی بێستوون لەم میدیایە بڵاو دەکرێتەوە.