کودەتای سەربازیی لە نیجەر

(0) / / جهان / زایەڵە نیجەر کودەتا سەربازیی


Jul 27, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە نیجەر ژمارەیەک سەرباز کودەتایان ئەنجامدا و دەسەڵاتی سەرکۆمار محەمەد بازوم-یان رووخاند.
گرووپێک لە سەربازان کە ناوی "ئەنجوومەنی نیشتمانیی پاراستنی نیشتمان (CNSP)"یان لەخۆناوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە بارەگایەکدا تۆماریان کردبوو و لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمی نیجەر (ORTN) پەخشیان کرد، بەیاننامەی کودەتایان خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن موقەدەم ئامادۆو عەبدرامانێ خوێندرایەوە، باس لەوە کرا بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئەمنی و ئەو قەیرانە سۆسیۆلۆجی-ئابوورییه‌ی وڵات پێیدا تێدەپەڕی، دەسەڵاتی (سەرکۆماری وڵات) محەمەد بازوم رووخێندرا و دەستوور هەڵپەسێردرا.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەنێوان کاتژمێر ٢٢:٠٠ بۆ ٠٥:٠٠ (بە کاتی ناوخۆ) قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم سنوورەکان دادەخرێن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرکۆماری نیجەر، محەمەد بازوم دەستبەسەر کرا.

خەڵک بۆ رێگەگرتن لە کودەتاکە رژانە سەر شەقامەکان و داوای ئازادکردنی بازوم-یان کرد.

باس لەوە کرا کە جەنەراڵ عومەر چیانی کە نزیکەی ١٠ ساڵە فەرماندەی پاسەوانانی سەرۆکایەتیی کۆمارە لە پشت کودەتاکەوەیە.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت بازوم لەم دواییانەدا ویستویەتی عومەر چیانی لە کارەکەی دووربخاتەوە.

لە نیجەر کە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە، تا ئێستا چوار جار کودەتا ئەنجام دراوە. دوایین کودەتاکە لە وڵاتدا لە ساڵی ٢٠١٠ لە دژی سەرکۆماری پێشووی وڵاتەکە، مامەدۆو تەنجا ئەنجام درا.

محەمەد بازوم کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژێردرا لە ٣١ی ئاداری هەمان ساڵدا، بەر لەوەی سوێندی یاسایی بخوات، هەوڵێکی کودەتای بەرامبەر ئەنجام درا کە لە ماوەیەکی کورتدا هەوڵەکە سەرکوت کرا.