حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان: ھەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین و پاڵپشتیکردن لە گەلی فەڵەستین و ھێزی بەرگریی نەگۆڕە

(0) / / جهان / زایەڵە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان ئێران فەڵەستین


Oct 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - شاندێکی بزووتنەوەی حەماس، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە، ئیسماعیل ھەنییە لە دۆحە پایتەختی قەتەر، دوایین پێشھاتەکانی کەرتی غەززەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بزووتنەوەی حەماس، شاندێکی بزووتنەوەکە، بەسەرۆکایەتی ئیسماعیل ھەنییە لە دۆحە لەگەڵ شاندێکی باڵای ئێران بەسەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان کۆبووەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوکەدا کە لەلایەن ڕۆژنامەی قودس پرێس-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوتەڕوو کە لە کۆبوونەوکەدا، ھەردوو شاندەکە ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە ھاریکارییەکان بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی ھێزی بەرگریی (مقاوەمە) و تەواوی مافی گەلی فەڵەستین.

باس لەوەیش کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئیسماعیل ھەنییە ئاماژەی بەو ھۆکارانە کردووە کە بوونەتە هۆی سەرھەڵدانی شەڕی (گەردەلوولی ئەقسا)، بە تایبەتی ھەڵسوکەوتی ھێزی داگیرکار بەرامبەر بە قودس و مزگەوتی ئەقسا، ھەوڵەکانی بۆ بەجوولەکەکردن و دابەشکردنی قودس، ھەروەھا پەیڕوکردنی سیاسیەتی کۆمەڵکوژی، تیرۆرکردن و دروستکردنی یەکەکانی جوولەکەنیشین لە کەناری ڕۆژئاوا.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی حەماس، زانیاری لەبارەی ئەو تاوانانەی کە ڕۆژانە لە گرتووخانەکانی داگیرکار دژبە فەڵەستینییە بەندکراوەکان ئەنجام دەدرێن، ھەروەھا گەمارۆدانی کەرتی غەززە کە ماوەی ١٦ ساڵە بەردەوامە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ھەموو مافە سیاسییەکانی گەلی فەڵەستین، داوەتە شاندەکەی ئێران.

ئەوەیش خراوتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی حەماس دووپاتی کردووەتەوە کە دوای شەڕەکە، مێژوویەکی نوێ لەسەر ئاستی پرسی فەڵەستین و ھێزی بەرگریی (مقاوەمە) تۆمار دەکرێت کە ھەرگیز وەک ڕابردوو نابێت و ڕایگەیاندووە: "لەئێستادا، دۆخی غەززە، زۆر دژوار و سەختە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی عەرەبی، بەرپرسیارێتیی خۆیان لەئەستۆ بگرن، بۆ ڕێگریکردن لە کردەوە تیرۆریستی و تاوانکارییەکانی ھێزی داگیرکار".

باس لەوەیش کراوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان ئەنجامی گەشتەکەی بۆ ناوچەکە، ھەروەھا کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کە بۆ وەستاندنی ھێرشەکانی سەر کەرتی غەززە ئەنجامی داوە، بۆ ئیسماعیل ھەنییە و شاندەکەی بزووتنەوەی حەماس خستووەتەڕوو.

ھەروەھا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان دووپاتی کردووەتەوە کە ھەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین و پاڵپشتیکردن لە گەلی فەڵەستین و ھێزی بەرگریی (مقاوەمە) نەگۆڕە.